باڵی " ناوەندی بڕیار" لەناو یەکێتی دوو کاری ئەنجامدا

باڵی "ناوەندی بڕیار"ی یەکێتی کە لە لایەن کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵحەوە سەرکردایەتی دەکرێت ئەمرۆ لەو پلانەی کە هەیانە دوو هەنگاویان جێبەجێکرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند باڵی کۆسرەت رەسوڵ کە خۆیان وەک " ناوەندی بڕیار " ناساند ئەمڕۆ شەممە دوو هەنگاوی هاوێشتووە لەو پلانەی دایانڕێشتووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دەوامکردنی کۆسرەت رەسول و بەرهەم ساڵح لە بینایەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی یەکێک لەو هەنگاوانەی لەلایەن ئەو باڵەوە بڕیاری لەسەر دراوە، بەو پێیە ئەو دوو بەرپرسەی یەکێتی وەک جێگرانی سکرتێری گشتی چیتر رۆژانە دەوام دەکەن و دەسەلآتەکانیان بەکاردێنن.

کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح پێش ئەم پەرەسەندانە کەمترین کات لە بینایەی مەکتەبی سیاسی کاریان کردووە، لەدوای ئەم پەرەسەندانەوە وا بڕیاریان داوە لەمەودا رۆژانە کارەکانی یەکێتی لەو بینایەوە راپەڕێنن.

سەرچاوەکەی سپی ئەوەی ئاشکرا کرد هەنگاوی دووەمی ئەو پلانەی باڵی " ناوەندی بڕیار" ی یەکێتی یەکخستنی فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سەرکردایەتیکردنیەتی لەلایەن ئەو باڵەوە بە تایبەتی لەلایەن شێخ جەعفەر مستەفاوەو، ئەمرۆ بۆ ئەو مەبەستە ناوبراو لەگەڵ فەرماندەکانی هێزەکانی ٧٠ یەکێتی کۆتەوە.

ئەم رەوشە لە کاتێکدایە کە وەفدێکی ئێرانی بەسەرۆکایەتی ئاغای مسکەریان جێگری فەرماندەی گشتی فەیلەقی قودس گەیشتۆتە سلێمانی و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ هەردوو باڵدا دەستپێکردووە، هاوکات چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش دەیانەوێت ناوبژی بکەن، هاوکات بەرپرسەکانی گۆڕانیش بەردەوامن لە نزیک کردنەوەی هەردوو باڵ. 


PM:01:02:03/09/2016