سبەینێ دوشەممە مامۆستایان ئەم پارەیە وەردەگرن

بەوتەی بەرپرسێکی بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژھەڵات لە سلێمانی سبەینێ دووشەممە مامۆستایان پارەی خولی یەکەمی تاقیکردنەوە نیشتمانیەکان وەردەگرن .

جەمال پێنجوێنی لێپرسراوی کارگێری لەبەرێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژھەڵاتی سلێمانی رایگەیاند: ڕەزامەندی لەسەرخەرجکردنی پارەی چاودێری خولی یەکەمی تاقیکردنەوە نیشتمانیەکانی ساڵی ڕابردووی خوێندن دراوە و سەرجەم بەرێوەبەرەکانی پەروەردەی رۆژھەڵاتمان ئاگادارکردۆتەوە، لەسبەینێوە سەردانمان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە بەو مامۆستایانەی ئەو ئەرکەیان لەئەستۆدا بووە.

جەمال پێنجوێنی روونیشکردەوە بەھۆی پشووی فەرمیەوە کاتی دابەشکردنی ئەو پارەیەی مامۆستایان خرایە رۆژی دووشەممە ئەگەرنا ھەموو ئامادەکارییەک کرابوو کە لەئەمڕۆوە ئەو بڕە پارەیە بە مامۆستایان بدرێت.

بەرێوەبەری کارگێری بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژھەڵات وتیشی: بەھیچ شێوەیەک بڕیاری کەمکردنەوەی پارەی چاودێرییکردنەکە نەدراوە، بەڵکو ھەمان ئەو بڕەیە دەدرێت کە ساڵانی دیکەدراوەتەوە مامۆستایان.

ئەوەشی خستەڕوو کە لەئێستادا پارەی چاودێری خولی یەکەمی تاقیکردنەوە نیشتمانیەکان خەرج دەکرێت و پارەی خولی دووەمیش گرفتی نەبووە و لەکاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمدا راستەوخۆ دابەشکرا.



PM:01:46:25/12/2016