ئەگەری تەقینەوە بەشە ناوخۆییەكی كچان دەهەژێنێت

دەنگۆی ئەگەری تەقینەوەیەك لە بەشە ناخۆیی كچانی پەیمانگای تەكنیكی دەربەندیخان، كچانی ئەو بەشە ناوخۆییە توشی دڵەڕاوكێ‌و ترس دەكات.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی كوردیو شەوی رابردوو بە ژمارە تەلەفۆنێك پەیوەندی دەكرێت بە كچە قوتابیەكی بەشە ناوخۆیی كچانی پەیمانگای تەكنیكی دەربەندیخان و ترس و دڵە راوكێ لای كچە قوتابیەكانی بەشە ناوخۆییەكە درووست دەبێت لەسەر ئەوەی گوایە باڵەخانەكەیان دەتەقێندرێتەوە، دوای ئاگاداركردنەوەی پۆلییس و ئاسایش گەیشتنیان بە بەشە ناوخۆیەكەو چونە ژورەوەیان بۆ بینایەكە دڵنیادەبنەوە لە ترس و دڵەراوكێكەو دەركەوتوە شتێكی لەو شێوەیە راست نەبووە .

لەمبارەیەوە ناسح مەلا حەسەن قائیمقامی قەزای دەربەندیخان وتی: دوای ئەوەی بە ژمارە تەلەفۆنێك پەیوەندی بە قوتابیەكی بەشە ناوخۆیی كچانی پەیمانگای تەكنیكی دەكرێت و ئەوەیان پێ وتراوە كە ئەگەر ژیانی خۆیان خۆش دەوێت بێنە دەرەوە، چونكە باڵەخانەكە دەتەقێندرێتەوە .
وتیشی: دوای ئاگاداركردنەوەی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش دەستبەجێ گەیشتینە شوێنی روداوەكەو دوای چونە ژورەوەو پشكنینی باڵەخانەكە دڵنیابوینەوە كە شتێكی لەو جۆرە لەئارا دا نیەو تەنها مەبەست لێی ترساندنی قوتابیەكان بوە .

ئاماژەی بەوەش كرد كە دەست بەسەر مۆبایلەكە گیراوەو دەركەوتوە ژمارەكە نەناسراوەو مەبەستیان تەنها ترساندنی كچانی بەشە ناوخۆییەكە بوە .



PM:04:21:05/03/2017