هێزێكی پارتی دەزگای ستاندەریان داخست
سەرۆکی دەزگای ستاندەر ڕایگەیاند، هێزێکی ئەمنی چوونەتە سەر دەزگای ستاندەر و دەزگاکەیان داخستووە و نەیانهێشتووە کۆڕێک ئەنجام بدەن.
مەسعود عەبدولخالق سەرۆکی دەزگای ستاندەر، بە كەناڵی ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، کاتژمێر ٣:٣٠ خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، ١٥ ی ئازاری ٢٠١٧ هێزێکی ئەمنی چوونەتە سەر دەزگاکە و دەرگای دەزگاکەیان داخستووە.
وتیشی "ئەو هێزە ئەمنییەی کە هاتن و دەزگاکەمانیان داخست وتیان ئەوان ئەمری سەرۆکیان پێیە و خۆیان وەک هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگە و ئاسایش و دژەتیرۆر و پۆلیس ناساند".
بڕیاربوو ئەمڕۆ دەزگای ستاندەر کۆڕێک بۆ (عەبدوڵا ئاگرین و محەمەد کیانی) ساز بکات، بە ناونیشانی (ئاڵۆزییەکانی نێوان پارتی و پەکەکە و کاریگەرییەکانی ئاسۆی چارەسەر) بەڵام هێزە ئەمنییەکە ڕێگەیان نەداوە کۆڕەکە ئەنجام بدەن.
بەوتەی مەسعود عەبدولخالق، هێزە ئەمنییەکان کامێراکانی دەزگاکەیان لابردووە و لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکە لە دەزگاکەدان و ڕێگە نادەن کەس بچێتە ناو دەزگاکەوە.
دەزگای ستاندەر، ناوەندێکی تایبەتە بە ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر پرسە سیاسییەکان و چەندین کۆڕ و سیمیناری لەسەر پرسە سیاسییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمدا ئەنجامداوە.
PM:05:25:15/03/2017