سەبارەت بە سەردانكردنی بارزانی بۆ سەر مەزاری نەوشیروان مستەفا گۆڕان روونكردنەوە دەدات

بزوتنەوەی گۆڕان بێ ئاگایی خۆی لەئەگەری سەردانی مەسعود بارزانی بۆ سەر مەزاری نەوشیروان مستەفا دەردەبڕێت‌و هەڵوێستی خۆی لەسە رپێشوازیكردن لەناوبراو راگەیاند.

ماوەی چەند ڕۆژێكە لە ڕاگەیاندنەكانەوە باس لە سەردانی مەسعود بارزانی دەكرێت بۆ سەر گۆڕەكەی نەوشیروان مستەفا. لەمبارەیەوە كوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئاگاداری ئەو سەردانە نین و كەس ئەوانی ئاگادار نەكردوونەوە.

لەبارەی ئەوەی ئەگەر مەسعود بارزانی بیهەوێت سەردانی گۆڕی نەوشیروان ماستەفا بكات، ئەوان پێشوازی لێ دەكەن یان رەتیدەكەنەوە؟ لەوەڵامدا كوێستان محەمەد وتی: "هەر كەس هاتبێت كێشەمان لەگەڵی نەبووە، ئێمە كێشەكەمان سیاسییە و شەخسی نییە".

لە ماوەی رابردوودا زۆرترین هاوڵاتی و بەرپرس و كەسایەتی سەردانی گۆڕەكەی نەوشیروان مستەفایان لە گردی زەرگەتە كردووە، بەڵام بەشێك لەلایەن لایەنگرانی گۆڕان بەشێوازی جیاواز ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر سەردانی ژمارەیەك بەرپرسی حزبی دەربڕیوە.

نەوشیروان مستەفا سەركردە و سیاسەتمەداری بەناوبانگی كورد لە رۆژی 19ی ئایاری 2017 لە ماڵەكەی خۆیدا لە شاری سلێمانی كۆچی دوایكرد. رۆژی شەممە 20ی ئایاری 2017 لەمەراسیمێكی گەورەدا لە گردی زەرگەتە شوێنی بارەگای سەرەكی گۆڕان و ماڵەكەی ناوبراو، بەخاك سپێردرا.



PM:01:04:28/05/2017