دامەزراندن لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە

دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لەبارەی ئامادەكاری ریفراندۆمەوە ڕوونكردنەوە دەدات و ڕایدەگەیەنێت "پێویستمان‌ بەدامەزراندنی كارمەند دەبێت".

دەستەی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ هەرێم ڕونكردنەوە دەدات لەبارەی‌ دەستپێكردنی‌ ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنی پەرلەمانی‌ كوردستان و سەرۆكایەتی‌ هەرێم و ڕیفراندۆم، مازن عەبدولقادر، سەرۆكی‌ دەستەی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ هەرێم، بەSNNی‌ ووتوە "دوای‌ بڕیاری‌ پێكهێنانی‌ كۆمسیۆنی‌ هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسی لەهەرێمدا، ئەو دامەزراوەیە بڕیار لەبارەی‌ دەستپێكردنی‌ ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان و ڕاپرسی و ڕیفراندۆمەوە دەدات".

مازن عەبدولقادر جەختیكردەوە وەك دەستەی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ هەرێم بەهەموو شێوەیەك هاوكاریی و هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی‌ هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسی لەهەرێم هەیە و ڕایگەیاند "بەگوێرەی‌ ئەو ڕێككەوتنانەشی‌ پێشتر لەنێوانماندا هەیە هاوكاری یەكتر دەكەین، چونكە دەستەی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ هەرێم سەر بەحكومەتی‌ عیراقە".

مازن عەبدولقادر ئەوەشی‌ ڕونكردەوە "بڕیاری ئەنجامدانی‌ ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنەكانی‌ هەردوو پەرلەمانی‌ كوردستان و سەرۆكایەتی‌ هەرێم لەمساڵدا پێویستی‌ بەئامادەكاریی كۆمسیۆن هەیە، جگەلەوەش دەبێت بنكەی‌ نوێی تایبەت بەپرۆسەی‌ هەڵبژاردن و ڕیفراندۆم بكرێتەوە، ئەوەش وادەكات هەلی‌ دامەزراندن لەكۆمسیۆن بۆ هاوڵاتیان بڕەخسێندرێت و چانسی دامەزراندن لەماوەی‌ داهاتودا دەستپێبكاتەوە".



PM:03:16:08/06/2017