بەرپرسێكی یەكێتی: زۆرینەی ئەندامانی سەركردایەتی بێ كاراكردنەوەی پەرلەمان دەنگ بە ڕیفراندۆم نادەن

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ئاشكرایدەكات زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بێ كاراكردنەوەی پەرلەمان دەنگ بە ڕیفراندۆم نادەن.

 فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئاشكرایدەكات نزیكەی 30 ئەندامی‌ سەركردایەتی یەكێتی‌ یاداشتێكیان ئاڕاستەی مەكتەبی سیاسی كردووە كە بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمان لەگەڵ ئەوەدا نین پشتگیریی ئەنجامدانی ریفراندۆم بكرێت لەهەرێمی كوردستان.

ئەسەسەرد بە ئێن ئاڕتی ڕاگەیاندووە "بڕیارە ڕۆژی 15ی ئەم مانگە ئەنجومە‌نی سەركردایەتی یەكێتی كۆببێتەوە ‌بۆ تاوتوێكردنی‌ چەند بابەتێك كە‌ ریفراندۆم تەوەر‌ی‌ سەرەكی‌ گفتوگۆكانی‌ كۆبونەكە دەبێت. 

لەلایەكیترەوە لەتیف شێخ عومەر، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە ڕۆژنامەی ئاوێنەی ڕاگەیاندووە هەموومان داواكارین بڕیارەكانی ناو نەخشە ڕێگاكەی یەكێتی جێبەجێ بكرێت، بەگوێرەی نەخشە رێگاكەش دەبێت پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پەرلەمان كارا بكرێتەوە.

ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی 50 ئەندامن و بە وتەی ئەسەسەرد 30 ئەندام كە دەكاتە زۆرینەی لەگەڵ ئەوەدان پێش ڕیفراندۆم پەرلەمان كارا بكرێتەوە



AM:11:56:13/06/2017