داوا دەكرێت "شایلۆغانی" رۆژی دامەزراندنی پارتی هەڵبگرێت

پەرلەمانتارێكی پارتی پیرۆزبایی رۆژی 16ی ئاب لە هەڤاڵانی دەكات‌و داواش دەكات " دەبێت شایلۆغانی ڕۆژی دامەزراندنی حیزبەکەمان ھەڵگرین بۆ ساڵی داھاتوو".

ئاری هەرسین، سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان لە نوسینێكدا دەنوسێت "سەرف کردنی ڕوبعە دینارێک بۆ موناسەباتی حیزبی لەم کاتی بێ پارەییەی کارمەند و کرێکار و جوتیاری کوردستاندا بێ ڕێزیە بە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی کوردایەتی".

دەقی نوسراوەكە:

بۆ ھەڤاڵانی ئازیز و بەڕێزم لە پارتی دیموکراتی کوردستان

سڵاوی گەرم...

دوو سبەی ١٦ ئابە و یادی دامەزراندنی پارتیمانە. یادێکی گرنگ و پیرۆزە و ڕۆژێکی سەروەریی نیشتیمانیە. چونکە زۆر کەڵە پیاوی گەورەی وەک ڕابەر مەلا مستەفا و مامۆستا یان ئیبراھیم ئەحمەد و حەمزە عەبدوڵا و زۆری زیاتریش لە ژێر چەتری ئەم حیزبەدا سەرکردایەتی نەتەوەیەکیان کرد کە لە ئان و ساتی لەناوچووندا بوو.

ئەم ساڵیادە لە لایەک... بەڵام ھەل و مەرجی نیشتیمان و بڕیارە چارەنوس سازەکەشمان لە لایەکیتر. لە ئێستادا ( کارمەندانی حکومەت) بە چارەکە مووچەیەک بە ژیانێکی سەختەوە لە کولە مەرگیدان. میللەت (ئەویش بەھۆی پڕوپاگەندەی نەیارانەی کەسانی نامەرد و مەسڵەحچی) لە دڵەڕاوکێدا ژیانی ڕۆژانە بەڕێ دەکات.

لەم ھەل و مەرجەدا، ئێمەی پارتی وەفادار بە ڕێبازی بارزانی نەمر، دەبێت شایلۆغانی ڕۆژی دامەزراندنی حیزبەکەمان ھەڵگرین بۆ ساڵی داھاتوو و، یادی دامەزراندنی حیزب لەژێر ئاڵای سەروەریی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا بکەین. چونکە سەرف کردنی ڕوبعە دینارێک بۆ موناسەباتی حیزبی لەم کاتی بێ پارەییەی کارمەند و کرێکار و جوتیاری کوردستاندا بێ ڕێزیە بە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی کوردایەتی.

بۆیە با ئەمساڵ ساڵیادی دامەزراندنی حیزب بکەینە قوربانی ڕیفراندۆم. ریفراندۆمی نیشتیمانی... ئەو ڕیفراندۆمەی کەس خاوەنی نیە میللەتە بەشخوراو و خێر نەدیوەکەمان نەبێت.

ئاری محەمەد ھەرسین

٢٠١٧/٨/١٤



AM:10:51:15/08/2017