ئاری هەرسین: لە ئەمڕۆوە من پارتی نیم

ئاری هەرسین پەرلەمانتارى پەرلەمانى کوردستان لەسەر لیستى پارتى ڕایگەیاند لەمڕۆوە پارتی نیم ھەتا کۆتاییھاتنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم، ئاشکراشیدەکات ئامادەیە بۆ هەر ئیجرائاتێک کە حزبیەکەى بەرامبەرى بیکات، بەڵام لە بڕیارەکەى پەشیمان نابێتەوە. 

ئاری هەرسین پەرلەمانتارى پەرلەمانى کوردستان لەسەر لیستى پارتى نامەیەکى لە ئەکاونتى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک بە ناوى "کوردستان یان نەمان" و بۆ "بەڕێزان بنەماڵەی بارزانی و مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان" بڵاوکردەوە.

ئاری هەرسین لەو نامە کراوەیەدا نووسیویەتى "بە درێژایی ژیانی سیاسەت کردن و حیزبایەتیم، ھەمیشە ھەم سیاسەت و ھەم حیزبایەتیم بە ئالیەت زانیوە بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان. لەوەش باڵاتر، ھەرچیم کردوە بۆ سەر بەخۆیی خاکی پیرۆزی کوردستان کردومە. بۆ یەک چرکەش لە ژیانی شەخسیمدا بیرم نایەت بۆ تاکتیکیش بوبێت، بڕوام بە کەمتر لە سەربەخۆیی ھەبوبێت و کارم بۆ کردبێت".

ئەو ئەندامەى پەرلەمانى کوردستان ئەوەشى خستووەتەڕوو "لەم وێستگە زۆر ھەستیار و پیرۆزەی ژیان و کوردایەتی و سیاسەتدا، کە بڕیاری ڕیفراندۆم (وەک ئالیاتێک بۆ ھێنانەدی ئاواتی لەمێژینەی گەلێک بوەتە ئەمری واقیع) پێم وایە مەرامی نامەرد زۆرن بۆ بچوک کردنەوەی ئەم (گەورەترین) پڕۆژە نیشتیمانیە. ھەر بۆیەش لە ڕێگەی ئەم نوسراوەوە ھەڵپەساردنی ھەموو کار و ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆم لە سەرجەم ئۆرگانەکانی حیزبماندا ھەتا دوای ڕیفراندۆم ڕادەگەیەنم. چونکە پێم وایە ئەمڕۆ ڕۆژی کوردایەتی و کوردستانی بوونە، نەک شەڕە دەم و چەلەحانێی حیزبایەتی بچووک و بەرتەسک".

ئاری هەرسین لە درێژەى بابەتەکەیدا نووسیویەتى "بە دڵنیاییەوە بەڕێزتان ھەر ئیجرائاتێکی حیزبی بەرامبەر بەندە بنوێنن قوبوڵی دەکەم و، نە موناقەشەی ئیجرائاتەکانتان دەکەم و نە حوکمیشتان (تەممیز) دەکەم. بەڵام لە بڕیاری خۆم پەشیمان نابمەوە".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشى خستووەتەڕوو "ھەر کات پڕۆسەی ڕێفراندۆم کۆتایی پێ ھات، دیسانەوە لەخزمەتتاندا دەبم و ئەرکی حیزبی خۆم (ھەر وەک ھەمیشە) زیاد لە پێویست جێبەجێ دەکەم. دواجار لەم ھەلە مێژوویەدا ڕێگەی براتان بدەن با تەنیا کورد و کوردستانی بم و ھیچیتر. من لەمڕۆوە پارتی نیم، ھەتا کۆتاییھاتنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم".



PM:09:36:19/08/2017