حکومەتی هەرێم ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستپێشخەریەکەی عەبادیەوە بڵاوکردەوە ئامادەیی دەربڕی بۆ بەردەستخستنی وردەكاریی زانیاریەکان لەبارەی لیستی موچەوە.


دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراقی فیدراڵ جەختی لەوە كردۆتەوە كە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان پلە یەكن و ڕێگە نادەن زیانیان بەربكەوێت و ئامادەییی حكوومەتی فیدراڵی دەربڕیوە بۆ خەرجكردنی شایستەی داراییی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لەم دەستپێشخەرییەی بەڕێز عەبادی دەكات بۆ دابینكردنی شایستەی داراییی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان دەكاتە (1.249.481) مووچەخۆر و مانگانەش دەكاتە بڕی (هەشت سەد و نەوەد و حەوت ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینار) لەسەر بنەمای تۆماری فیعلیی بایۆمەتری بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، وەك لە خوارەوە ڕوونكراوەتەوە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەییی خۆیشی دەردەبڕێت بۆ بەردەستخستنی وردەكاریی ئەو زانیارییانه:

   108 ملیار دینار بۆ مووچەی 244.656 خانەنشیی.

38.5 ملیار دینار بۆ مووچەی 96.053 خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان.

30 ملیار دینار بۆ مووچەی 159.000 كەمئەندامان و سوودمەندانی چاودێریی كۆمەڵایەتی.

455 ملیار دینار بۆ مووچەی 483.307 فەرمانبەران (بە پۆلیسیشەوە).

266 ملیار دینار بۆ مووچەی 266.465 پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایش.

لە هەمان كاتدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی فیدراڵ دەكات كە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی عیراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2018 پەسەند نەكات كە لەلایەن وەزارەتی داراییی حكوومەتی فیدراڵییەوە بەبێ بەشداریپێكردنی هەرێمی كوردستان ئامادە كراوە، لەبەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

1. بۆ یەكەم جار لە دوای ساڵی 2003ەوە، لە ڕەشنووسی یاساكەدا دەستەواژەی

دەستووریی (هەرێمی كوردستان - عێراق) لابراوە و لە بری ئەوە دەستەواژەی (پارێزگاكانی سەر بە هەرێمی كوردستان) بەكار هێنراوە، ئەمەش سەرپێچییەكی دیاری بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (117) و بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (121)ی دەستوورە كە دانی بە هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانیدا ناوە وەك هەرێمێكی فیدراڵی و مافی پیادەكردنی دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری بە هەرێمی كوردستان داوە، نەك وەك پارێزگا.

2. كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ یەكەم جار لە دوای ساڵی 2005ەوە لە ڕێژەی (17%) بۆ ڕێژەی (12.6%)، ئەمەش سەرپێچییە لە بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (121)ی دەستوور كە پێویستە لەسەر حكوومەتی فیدراڵ پشكێكی دادپەروەرانە لە داهاتە فیدراڵییەكان بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان بكات بە ڕەچاوكردنی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم كە لەبەر ئەوەی تا ئێستا لە عیراق سەرژمێری سەرتاسەری نەكراوە، بە ڕێككەوتنی هەردوولا ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بە %17ی دانیشتوانی عیراق دیاری كراوە، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش ساڵانە  ئەم ڕێژەیە لە یاساكانی بودجەی عیراقدا جێگیر كراوە، هەرچەندە هیچ ساڵێك هەرێمی كوردستان بە فیعلی ئەو ڕێژەیەی وەرنەگرتووە، بەهۆی زیادبوونی بەرچاوی ساڵانەی خەرجییەكانی سیادی بەبێ ئەوەی هەرێم ڕۆڵی لە دەستنیشانكردنی ئەو خەرجییانەدا هەبێت،‌ یان پشكی وەرگرتبێت. بۆیە كەمكردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان هیچ بنەمایەكی دەستووری نییە و لە دەرەوەی ئەو ڕێككەوتنە هاوبەشە ئەنجام دراوە.

3. بەخشینی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ بە پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی فیدرالیداو مامەڵەكردن لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان وەك پارێزگا نەك وەك هەرێم، پێچەوانەی بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (117) و بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (121)ی دەستوورە و مامەڵەكردنی هەرێمی كوردستانە وەك هەر پارێزگایەكی تری عیراق نەك وەك هەرێمێكی فیدراڵیی دانپێدانراو بەپێی دەستووری عیراق، سەرپێچییە لە دەستوور.

4. بڕگەی (چوارەم) لە ماددەی (126) لە دەستوور، ڕێگه نادات دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن دەسەڵاتە فیدرالییەكانەوە، كەم بكرێنەوە یان سنووردار بكرێن، تەنانەت دەستوور ڕێگریشی كردووە لە هەر هەموارێكی دەستووری كە ببێتە هۆی كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان.

5. وێڕای دووبارەبوونەوەی كەموكورتییەكانی ساڵانی پێشوو لە ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدالی ساڵی 2018، ئێستا ئەم خاڵە جەوهەرییە نادەستووریانەی سەرەوەش زیادیان كردووە.

لەبەر ڕۆشناییی ئەو ماددە دەستوورییانەی سەرەوە، بە تایبەتییش بەڕێز عەبادی بە بەردەوامی لە وتەكانیدا ئاماژە بە سەروەریی دەستووری عیراق و زیاننەگەیاندن بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكات، داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ دەكەین بواری دانوستان بڕەخسێنێت لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی داڕشتنەوەی ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و دابینكردنی پشكی دادپەروەرانەی هەرێمی كوردستان.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

1/11/2017



PM:07:59:01/11/2017