"سپی" هۆکاری چوونی وەفدی سێ لایەنەکە بۆ بەغدا ئاشکرادەکات

شاندێكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری، بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق به‌ره‌و به‌غدا به‌ڕێكه‌وتن.


شاندێك له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و قه‌واره‌ی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری، به‌ره‌و شاری به‌غدا به‌ڕێكه‌وتن و بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق كۆببنه‌وه‌.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست "سپی میدیا" کەوتووە سبەینێ پێنجشه‌ممه‌ شاندەکە چاویان بە هەر سێ سەرۆکایەتى پەرلەمان و کۆمار و حكومه‌ت دەکەوێت و ئەوە سەرەڕای دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیە باڵادەستەکانی ناو حکومەت.

هەر بە گوێرەی زانیاریەکان وه‌فده‌ هاوبه‌شه‌كه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر دۆخی‌ هه‌رێم  و عیراق و په‌یوه‌ندیی و كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی‌ عیراق و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌ی هه‌رێم و پرسی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك و كێشه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ دەکات.

زانیارییەکانی دەست سپی کەوتووە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە وەفدەکە لەلایەن هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەوە بانگهێشت کراون و  لەگەڵ سەرکردەکانی سونەش کۆدەبنەوە، تێکڕای کۆبوونەوەکانیشیان را گۆڕینەوە دەبێت و هیچ بڕیار و رێککەوتنێک لەلایەن ئەم وەفدەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان ئەنجام نادرێت. 

وەفدەكەی كۆمەڵ پێكهاتووە لە محەمەد حەكیم كارگێڕی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵ و ئەحمەد حاجی رەشید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق و شۆڕش حاجی‌  و د. ره‌ئوف عوسمان، له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، خانم حه‌مه‌ ره‌حیم و حه‌سه‌ن جیهاد له‌ هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌رین.

له‌ماوه‌ی ڕابردوودا و بەتایبەت دوای کشانەوەی گۆڕان و کۆمەڵ لە حکومەت ئه‌و سێ لایه‌نه‌ بڕیاریاندا به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراقدا پرسی گفتوگۆكانی هه‌رێم و به‌غدا تاوتوێبكه‌ن.



PM:08:45:03/01/2018