حكومەتی سووریا لەبارەی دۆخی عەفرینەوە لەگەڵ یەپەگە گەیشتە ڕێككەوتن و بڕیاریدا بە پاڵپشتیكردنی لۆجستی یەپەگە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بە "سپی میدیا" دراون حكومەتی سوریا كە بە ئاشكرا لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەكانەوە دژایەتی خۆی بۆ هێرشەكانی سوپای توركیا دەربڕیوە ئەمڕۆ لەگەڵ یەپەگە لەبارەی عەفرینەوە گەیشتوونەتە ڕێككەوتن.
بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە حكومەتی سوریا ڕێگە دەدات بە كردنەوەی ڕێڕەوێك لە ناوچەی شێخ مەقسودەوە بۆ شەڕڤانانی یەپەگە تا وەك هێزی پشتیوانی بگەنە عەفرین و پشتیوانی سەربازی شەڕڤانانی عەفرین بكەن.
سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ئەو ڕێككەوتنە كە بە ئاگاداری ڕووسیا كراوە تیایدا سوریا بڕیاری هاوكاری لۆجستی و ناردنی بڕێك چەك و تەقەمەنی بۆ شەڕڤانانی عەفرین داوە.
سەرچاوەكە دڵنیایشی دا لەوەی ئەو ڕێككەوتنە تەنیا بۆ عەفرینە و پارێزگاری ئەو شارەیە لە دەستی توركیا ڕێككەوتنەكەشی بە ڕەوا ناوبرد لەكاتێكدا كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێدەنگی بەرامبەر هێرشەكانی توركیا بۆ سەر عەفرین هەڵبژاردووە.