بەوێنە...مامۆستایان دەمی خۆیان بەست

مامۆستایانی ناڕازی كە لە بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا گربوونەوە خۆپیشاندانیان بۆ بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدا.

پەیامنێری "سپی میدیا" لەناو خۆپیشاندەرانەوە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد مامۆستایان لە ئێستادا لەبەردەم نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراقدان و داواكاریەكان ئاڕاستە دەكەن.

مامۆستایان تەواوی دروشمەكانیان بە زمانی عەرەبی نوسیوە و مامۆستایەكیش بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند لەمەودوا داواكاریەكانیان ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم ناكەن و ناڕەزاییەكان دەگوازنەوە بە ئاڕاستەی نوسینگەی پەرلەمانی عێراق لە سلێمانی و داواكاریەكانیان ئاڕاستەی حكومەتی عێراق دەكەن.

ئەو مامۆستایە وتیشی "داوا دەكەین عەبادی بەپەلە موچەی مامۆستایان و تەواوی فەرمانبەران بنێرێت و چیتر سزای هیچ كەسێك نەدەن، چونكە چیتر مامۆستایان ناتوانن بە گیرفانی بەتاڵ وانە بڵێنەوە".

ئەوەش لەكاتێكدایە سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد حكومەتی عیراق جدی نییە لەناردنی موچە و دەڵێت "ئەوەی دەبینرێت زیاتر یاریكردنە بەھەستی خەڵك نەك جدیەت بون لەپێدانی موچە".



PM:12:35:06/02/2018