وەزارەتی دارایی بڕیاری لێخۆشبوونی سزا و سودەكان دەركرد

وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم بڕیاری لێخۆشبوونی دەرکرد بۆ ئەو سزا و سودانەی كەوتوونەتە ئەستۆی قەرزارانی كرێ و موڵك و ماڵی دەوڵەت،‌ بڕیارەکەش سەرجەم هاووڵاتیان و كۆمپانیاكان دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ رۆژی چوارشەممە 26ی ئەیلول، رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا بە لێخۆشبوون لەو سزا و سوودانەی كەوتوونەتە ئەستۆی قەرزارانی كرێ و موڵک و ماڵی دەوڵەت، كە خاوەندارییەتییەكەی بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێشوو.

لە بڕیارەکەی وەزارەتی داراییدا مەرجی ئەوە دانراوە، کە لەماوەی 90 رۆژدا تەواوی كرێ و موڵك و ماڵی دەوڵەت، كە كەڵەكەبووە لەسەریان بیدەن.

هەروەها بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی سەرجەم هاوڵاتیان و كۆمپانیاكان دەگرێتەوە، كە ئەو سزا و سودانەی لە ساڵانی پێشوودا لەسەریان كەڵەكەبووە.

بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم، دوای كۆتاییهاتنی ئەو ماوەی(90 رۆژ)ەو لە رۆژی بەركاربوونی بڕیارەكەوە، بەڕێوەبەرایەتی خانووبەرەی میری ناچاردەبن، بە گرتنەبەری سەرجەم رێكارە یاساییەكان بۆ هەموو قەرزارانی موڵك و ماڵی دەوڵەت كە پێوەی  پابەندنەبوون.


PM:11:14:26/09/2018