ژمارەیەک لەهاوپەیمانی بۆ دیموکراسی جەخت لەسەر هەڵوەشانەوە حیزبەکەیان دەکەنەوە

ژمارەیەک لە هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادوەری لە بەیاننامەیەکەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەوان هاوپەیمانێتی یەکە هەڵدەوەشێننەوە.

لەو روونکردنەوەیەدا کە دانەیەکی دەست سپی کەوتووە، هاتووە" ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر، بەئامادەبونی تەنھا ٣ سێ كەس، لەكۆی ١٤ چواردە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و بەهاوبەشی تەنھا ٢ دووكەس لە كۆی ١٥ پانزە ئەندام لە ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن وكەمایەتیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی گشتی ھاوپەیمانی و بەدەر لە ڕێكارە سیاسی و یاساییە ڕەواكان كە ئایندە و چارەنوسی ھێزە سیاسیەكانی  پێ دیاری دەكرێت، كۆبونەوەیەكی نادەستوری، بەناوی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئەنجامدرا".

دەقی روونکردنەوەکە:

سەبارەت بە كۆبونەوەی بەشێك لە هاودیدان لە هەولێر
ڕونكردنەوەیەك لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، بۆ ڕای گشتی.

 ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر، بەئامادەبونی تەنھا ٣ سێ كەس، لەكۆی ١٤ چواردە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و بەهاوبەشی تەنھا ٢ دووكەس لە كۆی ١٥ پانزە ئەندام لە ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن وكەمایەتیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی گشتی ھاوپەیمانی و بەدەر لە ڕێكارە سیاسی و یاساییە ڕەواكان كە ئایندە و چارەنوسی ھێزە سیاسیەكانی  پێ دیاری دەكرێت، كۆبونەوەیەكی نادەستوری، بەناوی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئەنجامدرا.

ئێمە وەكو زۆرینەی ڕەھای دەستەی دامەزرێنەر و ئەنجومەنەكانی بەڕێوەبردن و گشتی ھاوپەیمانی ڕایدەگەیەنین:-

١ - چارەنوس و ئایندەی ھاوپەیمانی، بەگوێرەی ڕیكارە حزبی و بڕیاڕە یاساییەكانی یاسای ژمارە ٣٦ ساڵی ٢٠١٥ پارتە سیاسیەكان لەعێراق كە ھاوپەیمانی لەسەر دامەزراوە، دیاری دەكرێت و لەم ڕوەوە ھەنگاوی سیاسی و یاسایی ڕاست و دروست، بە بڕیاڕی زۆرینەی ھاوپەیمانی، بۆ زۆرینەی ئۆرگانە گرنگەكانی ھەڵوەشاندنەوەی ھاوپەیمانی دەستیپێكردوە و ھەرئەوەش دواتر دەبێتە بڕیاڕی فەڕمی و دەستوری ھاوپەیمانی .

٢ -  بەگوێرەی نەریت و پەیڕەوە باوەكانی حزبایەتی، بڕیاڕی گۆڕینی ناو و بەرنامە و سەركردایەتی و ستراكچەری ھاوپەیمانی، وەك ھەر پارتێكی سیاسی، لەدەستی زۆرینەی دامەزرێنەران و ئەنجومەنەكانی بەڕێوەبردن و گشتی دایە، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ لەھەولێر ئەنجامدرا، تەنھا پەرچەكردارێكی نایاسایی و ناحزبیە و ھیچ كاریگەریەكی لەسەر بڕیاڕی زۆرینەی ھاوپەیمانی نابێت، كە پێشوتر دەستی كردوە بەوەرگرتنی ڕێوڕەسمە سیاسی و یاسایی و دەستوریەكان بۆ دیاریكردنی چارەنوسی ھاوپەیمانی كەھەڵوەشاندنەوەیەتی، بەگوێرەی ڕێكارە داواكراوە حزبی و یاساییەكان لەیاسای دامەزراندنی پارتە سیاسیەكانی عێراق .

٣- ئەو ٣ سێ ئەندامەی دەستەی دامەزرێنەران، كە دیارە ڕێگای جیاوازیان ھەڵبژاردوە، ھیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین و بەڕێز و پێزانینەوە هاوكاریانین، بەڵام دەبوو ئەوان وەك زۆرینەی موتڵەق بڕیاریان لەچارەنووسی هاوپەیمانی نەدایەو لەچوارچێوەی مافی خۆیان دەستیان ببردایە بۆ دامەزراندنی قەوارەیەكی نوێ كە ئەوكات دەیانتوانی پشتیوانی ئەوانە بەدەستبهێنن، كە لەهاوپەیمانی خوازیاری درێژە پێدەری كاری سیاسین لەگەڵ ئەوان،  نەك بەم جۆرە ئەوان مافی زۆرینە بەخۆیان بدەن ، بۆیە داواكاریشین بەزوویی ئەو پێشێلكاریە ڕاست بكەنەوە، كە لەكۆبونەوەی ھەولێر تێیكەوتن و ڕێز لەبڕیاری زۆرینەی ھاوپەیمانی بگرن و دوربكەونەوە لە بەكارھێنانی ناو و لۆگۆی ھاوپەیمانی، كەپێشوتر بەزۆرینە و كەمینە، یەكلایی كراوەتەوە.

٤- بەڕێزگرتن لەبنەماكانی ھاودیدبون و ھاوڕێیەتیمان، ھیوای سەركەوتن بۆ «ھاوپەیمانی نیشتیمانی» وەك حزبێكی سیاسی نوێ دەخوازین و بەڕونی ڕایدەگەیەنین: كەو ئەو حزبە نوێیە، درێژكراوەی سیاسی و یاسایی و دەستوری ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری نییە،  ئێمە لەو بارەوە بەگوێرەی دەستوری ھاوپەیمانی و یاسای ژمارە ٣٦ پارتە سیاسیەكانی عێراق، پێشوتر بەزۆرینە بڕیاڕمانداوە كە ھاوپەیمانی وەك ڕەوتێكی سیاسی ھەڵدەوەشێنینەوە بۆیە لەو بارەوە ھەر ھەنگاو و كردار و گوفتارێك بەپێچەوانەی ئەوەوە پەسندكراو نابێت و ڕێكاری یاسایی و سیاسی بنەبڕی بەدوادا دێت.

ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری
٩ / ١١ / ٢٠١٨ 



PM:11:35:09/11/2018