کۆمسیۆنی عێراق تۆماری ده‌نگده‌ران نوێده‌کاتەوە

كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئاماده‌كاری بۆ هەڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ده‌كات و بۆ ئەو مەبەستەش لیستی تۆماری دەنگدەران نوێ دەكاتەوە.

كەریم تەمیمی بریاردەری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئێستا ئامانجی سەرەكی تۆماری بایۆمەترییە، كە زۆری چاودێری لەسەرە، بەدواداچوون بۆ پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆمارەكە دەكەن لەبارەی ڕێژەی زیاد بوونی دەنگدەران لەتۆماری دەنگدان، لەسەر ئاستی ئەو ئاوارانەی كە لەهەرێمی كوردستاندان.

وتیشی، جگە لەهەولێر سەردانی پارێزگاكانی كەركووك و دهۆك و موسڵ و سلێمانی دەكەن ئێمە وەك ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی عیراق چاودێری پرۆسەكە زۆر بەوردی دەكەین. 

بریاردەری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق باسی لەوەشكرد،" بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەناوچە ئازادكراوەكانی دەست داعش پارە تەرخان كراوە لەگەڵ سەرجەم پێویستیەكانی تر، هەر پارێزگایەكیش پێویستی بە بریاری تایبەت هەبێت بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە ئێمە لە ئەنجوومەنی پارێزگاكانەوە سەردانیان دەكەین و دەچین بەدەم داواكارییەكانیانەوە. بەڵام ئێمە گەرەنتی تەواو دەدەین بە دەنگدەرانی عیراقی و لایەنە سیاسییەكانیش كە بەو پەری ئامادەكارییەكانەوە كار دەكەین بۆ هەڵبژاردنەكان".

مەعن هیتاوی، سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند، كۆمسیۆن ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ نوێكردنه‌وه‌ی لیستی تۆماری ده‌نگده‌ران، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سه‌ردانی نوسینگه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان كردوه‌ بۆ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربون له‌ چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چونی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌.

سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئاماژەی بەوەشکرد، "له‌و سه‌ردانه‌مان كاره‌كانی نوێكردنه‌وه‌ی لیستی تۆماری ده‌نگده‌رانی ئاواره‌كان هه‌ڵده‌سه‌نگێنین و ده‌مانه‌وێت ئاگاداری ئاماده‌كاریه‌كانی ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان و شێوازی دابه‌شكردن و هه‌نگاوه‌كانی به‌ڕێوه‌چونی كاره‌كان له‌ تۆماری ناوی ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان بین".

لەهەرێمی كوردستان 173 ناوەندی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران هەیە و ئەوانەشی كارتی دەنگدانیان نیە لە ئێستاوە دەتوانن كارتی ئەلیكترۆنی دەنگدان وەرگرنەوە، یاخود ئاڵوگۆر لەشوێنی دەنگدانەكەی بكرێت.



PM:04:46:27/04/2019