قوباد تاڵەبانی: دژی هەر پرۆژەیەکم ئازادی رادەربڕین بەرتەسک بکاتەوە

لەبارەی پڕۆژە یاسای رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنییەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند" بەتەواوی دژی هەر پڕۆژە یاسایەكم ئازادی رادەربڕین بەرتەسك بكاتەوە، دروستكردنی مەترسیشە لەسەر هاووڵاتیان كە زۆریان تەنها ئەكاونتەكانی خۆیان شك دەبەن بۆ دەردەدڵ".

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە پەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لەبارەی پڕۆژە یاسای رێكخستنی میدیای ئەلەكترۆنییەوە رایگەیاند " زۆر كەس نیگەران بوون لە ناوەڕۆكی پرۆژە یاسای میدیای ئەلەكترۆنی، بەڵام ئەوەی مایەی دڵخۆشی و گەشبینییە، كاردانەوەی ئەو كۆمەڵە زۆرەی هاوڵاتی و میدیا و نووسەر و چالاكوانەكان بوو لەسەر ماف و ئازادییەكان، ئەمەش ئاماژەی كۆمەڵگایەكی زیندووە كە هاوڵاتیان ئامادە نین دەستبەرداری مافە بنەڕەتی و گەردونییەكانی خۆیان بن كە ئازادی و ئازادی رادەربڕین لە سەرووی هەموویانەوەیە".

لە درێژەی نووسینەکەیدا دەشڵێت " زۆرێك لەو رۆژنامەنووس و میدیاكارانەی قسەم لەگەڵدا كردوون، رەخنە و نیگەرانی جدییان لە پڕۆژە یاساكە هەبوو؛ هێشتا لە هەرێمی كوردستان خاوەن دەستوری تایبەت بەخۆمان نین، هەروەها لەم خولەی پەرلەمان و حكومەتیش بایی هێندە بارگرانی و كێشەی تەندروستی و ئابووری هەیە كە هەموو كاتی خۆمانی بۆ تەرخان بكەین".

ئەوەشی خستوەترەِوو: لەلایەكی تر راستییەكی حاشا هەڵنەگر هەیە ئەویش هەبوونی دۆخێكی ئاژاوەو ژەهراوییە لەناو میدیا و سۆشیال میدیا، بەجۆرێك تەشهیر و ناوزڕاندن و سوكایەتی كردن بووەتە دیاردەیەكی رۆژانە، بەڵام لەمەشدا سۆشیال میدیای سپۆنسەركراو بەپارەو پولی سیاسی، بەرپرسیاری سەرەكین لەم دۆخە، ئەمەش دەرگایەكی تری گەندەڵییە.

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئەوەشی نوسیوە: رەنگە هەندێك كەس و لایەن پشتگیری یاسایەك بكەن كە كۆتایی بەو پاشاگەردانییە بهێنێت، بەڵام بەندە لەگەڵ ئەوەی یەكێكم لە قوربانییەكانی دیاردەی تەشهیرو ناوزڕاندن و لەهەموو بۆنەیەكدا بەڕاست و چەپدا هەر ئامانجم، بەڵام بە تەواوی دژی هەر پڕۆژە یاسایەكم ئازادی رادەربڕین بەرتەسك بكاتەوە، پێشموایە بۆشایی یاسایی باشترە لە دانانی یاسایەك كە دەرفەتی ئەوەی تێدا بەدی بكرێت لەلایەن دەسەڵات و بەرپرسانەوە خراپ بەكاربهێنرێت.

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت: یەكێك لە كێشەكانی پرۆژە یاسای نیوەچڵ، دەرفەت رەخساندنە بۆ خراپ بەكارهێنانی، هەروەها دروستكردنی مەترسییە لەسەر هاوڵاتیان كە زۆریان تەنها ئەكاونتەكانی خۆیان شك دەبەن بۆ دەردەدڵی، من كە خۆشبەختانە جگە لە پەیجی رەسمی خۆم، هیچ پەیج و ئەكاونت و میدیایەكم نییەو هەموو میدیای كوردیش بەهی خۆم دەزانم، پێموایە ئەگەر یاسایەك هەبێ بۆ سزادانی میدیا و سۆشیال میدیا ئەوە لە داهاتوودا بەشێوەیەكی سەرەكی بەرۆكی دەزگای وەك ئاوێنەو هاوڵاتی و سپی میدیاو شار پرێس و كوردستان تایمزو هاوشێوەكانیان و سۆشیال میدیا بێ پشت و پەناكان دەگرێتەوەو كەناڵ و سۆشیال میدیای بەرپرسانی لێ پارێزراو دەبن، كەسیش دەستی بە پەیج و ئەكاونتی بێ ناونیشان و نهێنی ناگات".

ئەوەشی نوسیوە: لەم سۆنگەیەشەوە دەستخۆشی لە كشاندنەوەی پرۆژە یاساكە دەكەم تا ئەگەینە قۆناغی دەستوریی تایبەت بەهەرێمی كوردستان، با لەبری یاسای میدیای ئەلەكترۆنی، پێكەوە كار لەسەر پڕكردنەوەی كەلێن و درزەكانی یاسا بەركارەكانیتر بكەین وەك یاسای رۆژنامەگەری و یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنان ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، كە ئەوەی دووەمیان زۆرجار بووەتە كێشەو بارگرانی بۆ نوسەرو میدیاكاران و لەبری یاسای رۆژنامەگەری بەو یاسایە زیندانی كراون، ئەگەر بۆشاییەكیش هەیە لەبارەی میدیای ئەلەكترۆنی دەكرێت لەئێستادا لەو دوو یاسایەدا بەپێی ستانداردەكانی دنیای كراوە چارەسەر بكرێت و جێگەیان بكرێتەوە.

 


PM:11:16:17/08/2020