مارە بڕینی ژن لە هەرێمی كوردستان گۆڕانی بەسەردادێت

پەرلەمانی كوردستان پڕۆژە یاسایەك لەبارەی مارەبڕینی ژن تاووتوێ دەكات‌و زۆرینەی فراكسیۆنەكانیش لەگەڵیدان.
سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف‌و كاروباری ئایینی لەپەرلەمانی كوردستان حاجی كاروان، رایدەگەیەنێت "وەك لیژنەی ئەوقاف پڕۆژە یاسایەكیان گەڵاڵەكردووە بۆ ڕێگەپێدانی یاسایی ژمارەیەك مامۆستای ئایینی بۆ بابەتی مارە بڕینی ژن".
ئاماژە بەوەش دەكات پڕۆژە یاساكە هی خولی سێیەمی پەرلەمانەو ئێستا ئەوان جارێكی تر كارای دەكەنەوەو تاكو ئێستاش جگە لە فراكسیۆنی سەوز فراكسیۆنەكانی تر هەموویان لەسەری كۆكن.
حاجی كاروان لەبارەی ناوەڕۆكی پڕۆژە یاساكە دەڵێت "بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایە لەهەر گەڕەكێك‌و قەزاو ناحیەیەك‌و لادێیەكدا، كەسانی دیاریكراو لەمامۆستایان كە لەلایەن دادگاو وەزارەتی ئەوقاف ڕێگەیان پێدەدرێت كاری مارەبڕینی ژن دەكەن، ئەوەش بۆ ئەوەیە كە مامۆستایانی ئایینی لەنانەوەی كێشەو گرفت دووربكەونەوەو كێشە كۆمەڵایەتیەكانیش چارەسەر دەكات كە ئێستا كۆمەڵگە بەدەستیەوە دەناڵێنێت.
لەو لێدوانەیدا بۆ ماڵپەڕی كوردیو سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف‌و كاروباری ئایینی لەپەرلەمانی كوردستان ئەوەش دەخاتەڕوو كە مامۆستایان نووسراوێكی چوار لاپەڕەییان لەبەردەستتدا دەبێت كە دواتر وێنەیەكی بۆ دادگاو وێنەیەك لای مامۆستاكەو وێنەیەكیش لای كەس‌و كاری هاوسەرەكان دەمێنێتەوەو بڕێك پارەش دیاریكراوە وەك ئەركی مارەبڕینەكە لەلایەن مامۆستای ئایینی.



AM:09:44:07/06/2014