وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت" داهاتی هەناردەی نەوت لە مانگی ڕابردوودا بەڕێژەی (٥%) کەمیکردووە، بەڵام بڕی هەناردەکردن بەراورد بە مانگی نیسان زیاتر بووە".
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" مانگی ڕابردوو داهاتی نەوت بەڕێژەی (٥.١%) کەمیکردووە کە گەیشتوەتە حەوت ملیار و ٣٠٦ ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا داهاتی نەوت لە مانگی نیساندا حەوت ملیار و ٦٩٩ ملیۆن دۆلار بووە".
ئەوەشی خستەڕوو، بڕی هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ مانگی ئایاری ئەمساڵ ١٠٢ ملیۆن و ٤٦٣ هەزار بەرمیل بووە، بەڵام لە مانگی نیساندا ٩٨ ملیۆن و ٦٣٤ هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی دەرەوە کراوە.
ڕوونیشیکردەوە، تێكڕای نرخی هەر بەرمیلێكیش نەوت لەو مانگەدا (٧١.٣٠) دۆلار بووە، بەڵام لە مانگی نیساندا بە ٧٩ دۆلار و چوار سەنت فرۆشراوە.
دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس لەبارەی پرسی نایاسایی بوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێم، لە ئێستادا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراون.