میدیاکاری ناسراوی کورد دەروون گێژەن لەسەر مۆدەو خۆنمایشکردنی سێکسی رای خۆی ئاشکرا دەکات.
دەروون گێژەن میدیاکاری دیدار و هونەرمەند لە نووسینێکی کورتدا لەسەر مۆدە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەڵێت " داوایەکی ھەم دۆستانە و ھەم پیشەییانەشم وەک میدیاکارێک بۆ ئەو خانمە کوردە بەرێزانەی بە ناوی مۆدێڵەوە خەریکە پرانسیپە پیشەییەکانیان لەدەست دەدەن و خۆیان دەکەنە کاڵا بۆ ھەوەسی سێکسی پیاوان".
ئەو میدیاکارە دەڵێت " بۆیە ئاوا زەق وتم چونکە ئێمە و ئەو میدیاکارە جدیانەی ئێمە شتێکیان لێوەفێربووین ھەمیشە لە ھەوڵی ئەوەدابووین خانمان وەک (سلعە) کاڵا بەکار نەھێنرێن لە کارە ھونەرییەکاندا، ھەڵبەتە مەبەستم جۆری جلوبەرگ و ستایڵ نییە، بەڵام بێمەبەست نمایشکردنی لەشوولار دەچێتە خزمەتی ئەوەی لە سەرەوە نوسیم، ئەمە جگە لەوەی رەنگە بەشێکی زۆرتان لە مانا و ناوەرۆکی کارەکەی خۆتان نەگەشتبێتن".
ئەو لەدرێژەی رایەکەیدا دەڵێت " من تا ئێستا بەرچاوم نەکەوتووە یەکێک لەم مۆدڵ و شاجوانانە رۆڵیان لە رێکلامێکدا گێرابێت یان بوبێتنە براندی کۆمپانیایەک".
دەرون گێژەن بێجگە لەكاری میدیایی، وەك ئەكتەر لەچەندین كاری هونەریدا بەشداری كردوەو دەرهێنانی بۆ چەندین كلیپو بەرنامەی ئێن ئار تی 2 كردوەو یەكێك لە بەناوبانگترین پێشكەشكارەكانی ئێستای كوردستان.