ئاماری قوربانیانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل شەش هەزار کەسی تێپەڕاند کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.
بەپێی ئامارێکی سوپای ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشەکانی حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکان بۆسەر ئیسرائیل هەزار و ٤٠٥ کەس گیانیان لەدەستداوە کە پێنج هەزار و ١٣٢ کەسی دیکەش برینداربوون.
هەروەها لای خۆشیەوە وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئەمڕۆ یەکشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە چوار هەزار و ٦٥١ کەس گیانیان لەدەستداوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ناو کوژراوەکاندا دوو هەزار منداڵ و ژن هەن، ١٤ هەزار و ٢٤٥ کەسی دیکەش بریندان.
هاوکات بەهۆی گرژییەکانی کەرتی رۆژئاواوە (٩٠) کەس کوژراون کە زیاتر لە (٣٠) کەسیان ژن و منداڵ بوون و هەزار و ٤٠٠ کەسیش بریندار بوون.
ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە شەڕ و پێکدادانی نێوان بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە کە بە هەزاران کەس بوونەتە قوربانی، ڕووداوەکەش کاردانەوی وڵاتانی جیهانی لێکەوتەوە.