تەرمى ئەو کۆچبەرەی لە ئیتاڵیا گیانی لەدەستدا گەیشتەوە سلێمانى و بەخاکسپێردرا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تەرمی ئەو گەنجەی هەرێمی کوردستان کە لەوڵاتی ئیتاڵیا گیانی لەدەستدا،  گەڕێندرایەوە و لە قەزای سەیدسادق بەخاکسپێردرا.

 

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیار بەختیاری تەمەن ٣٤ ساڵ دوای ماوەیەک بێسەروشوێن بوونی لەرێگەی کۆچدا ئەمڕۆ هەینی تەرمەکەی گەڕیندرایەوە کوردستان، ناوبراو دانیشتووی قەزای سەیدسادق بوو بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بەشیوەیەکی نایاسایی لە مانگی ئابی٢٠٢٠دا بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچی کردووە، لەگەڵ گەیشتنی بە خاکی ئیتاڵیا بەهۆی رووداوێکی دڵتەزێن و نەخوازراو گیانی لەدەستداوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە لەو کاتەدا بەهۆی نەبوونی ناسنامەی کەسێتی لەلایەن پۆلیس و شارەوانی ئەو وڵاتەوە بەخاک دەسپێردرێت، هاوکات دوای دوو مانگ لە بێسەروشوێن بوون و پاش دۆزینەوەی تەرمەکەی لە ئیتاڵیا کاتژمیر ٣:١٥ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی تەرمەکەی گەڕێندرایەوە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و رادەستی کەسوکاریان کرایەوە.

هەروەها لە دواى گەیشتنەوەى تەرمەکەى، ئەمڕۆ هەینى بە ئامادەبونى ژمارەیەکى زۆر لە خەڵک و کەسوکارى لە گۆڕستانى سەیدسادق بەخاکسپێردرا.



AM:11:31:05/02/2021