نێچیرڤان بارزانی: هەوڵەکانمان بۆ ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی بەردەوام دەبێت

نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی (١٠٤) ڕوفاتی قوربانیی ئێزدیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەشکردو وتی، له‌ هه‌وڵه‌كانیان بۆ رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی به‌رده‌وام ده‌بن، راشیگه‌یاند" هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئه‌وه‌ی شه‌نگال بكرێته‌ پارێزگا". 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم ڕایگەیاند" جەخت لەسەر پێکەوەژیان و تەبایی و یەکترقبووڵکردن دەکەینەوە. خوشک و برایانی ئێزدی دڵنیا دەکەینەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەین و لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندارە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی ئێزدییاتی بۆ هەمیشە پارێزراو بێت، ئێزدی و هەموو پێکهاتەکان و تەواوی گەلی کوردستان لە ئێستا و داهاتووی خۆیان دڵنیا بن، ناوچە ئێزدییەکان ئاوەدان بکرێنەوە و ژیان و خزمەتگوزاری و ئارامی و ئاسایشیان بۆ بگەڕێتەوە، سەرفراز، دڵنیا و بێ ترس بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان". 

هەروەها لەبەشێکی تری پەیامەکەیدا سەرۆکی هەرێم داوا دەکات کە دوایین ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال جێبەجێ بکرێت و حکوومەتی فیدراڵ هەنگاوی جددی بۆ بنێت، کە خزمەتی ئارامی و ئاسایش و ئاوەدانکردەنەوەی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات. لەمبارەیەوە داوا دەکەین نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەڵەتی هاوکار و یارمەتیدەر بن.

وتیشی" تا ئێستا لە کۆی (٦٫٤١٧) خوشک و برای ڕفێنراوی ئێزدی، (٣٫٥٤٣)یان ڕزگار کراون و (٢٫٨٧٤)شیان ماون. دڵنیاتان دەکەینەوە کە لەسەر هەوڵەکانمان بۆ ڕزگارکردن و ئاشکراکردنی چارەنووسی تەواوی ڕفێنراوان بەردەوم دەبین و هەرگیز کۆڵ نادەین". 


PM:05:31:06/02/2021