قوباد تاڵەبانی: هەرێمى کوردستان ئامادەى رێککەوتن و پابەندە دەستورییەکانە

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" هەرێمى کوردستان ئامادەى رێککەوتن و پابەندە دەستورییەکانە".

 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکى شاندى هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ناوەندی عێراق لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (سەباح)ی نیمچە فەرمی حكومەتی عێراق رایگەیاند" هەرێم ئامادەیە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بکات و هەموو پابەندییەکانی جێبەجێ دەکات، بەمەرجێک ئەو رێککەوتنە دادپەروەرانە بێت".

 

جێگری سەرۆکی هەرێم باسی لەوەشکردووە، پشكی راستەقینەی هەرێمى کوردستان دواى لێدەركردنی خەرجییە سیادییەكان (٥% ) تێپەڕ ناكات و داوای كردووە، هاوکات كۆمپانیای سۆمۆ سەرلەنوێ دابمەزرێتەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی شەفاف نەوت بگەیەنێتە بازاڕەكان بە نەوتى هەرێمیشەوە.  

 

لەبارەی رێککەوتنی ٥٠ ساڵە لەگەڵ تورکیا ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەوەی کە دەوترێت بۆ فرۆشتنی نەوتە راست نییە، ئێمە نەوتمان بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ نەفرۆشتووە، رێککەوتنی ٥٠ ساڵە لەگەڵ تورکیا تەنها بۆ هەناردەکردنی نەوتە لە رێگەی بۆریی نەوتی تورکیا بۆ بەندەری جەیهان، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەیە کە عێراق لەگەڵ تورکیا کردوویەتی بۆ گواستنەوەی نەوت لەرێگەی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

 

هەروەها دڵنیایی دەدات لەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە و هەموو پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ بکات، وەک ناردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و تەنانەت داهاتی نانەوتی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە. 

 
 


AM:11:24:07/02/2021