فەرمانبەرانی گرێبەست ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەیان بڵاوکردەوە

لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا فەرمانبەرانی گرێبەست داوا دەکەن لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی 2021ی هەرێمی کوردستان و بەر لە ڕەوانەکردنی بۆ پەرلەمان بە هەمیشەیی بوونی فەرمانبەرانی گرێبەست لە بڕگەیەکدا جێگە بکرێتەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران کراوە نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات" ئێمە وەک فەرمانبەرانی گرێبەست لە زۆربەی دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم بە شاهیدی ئەودەزگایانەی کاری لێدەکەین ئەرکێکی قورس بە موچەیەکی زۆر کەم بەجێ دەهێنین و ماوەی چەندین ساڵیشە سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان بە یاسا هەمیشەیی بوونمانی دوای سێ ساڵ خزمەت بڕیار لێ داوە حکومەتی هەرێمیش چەندین جار بەڵێنی بە هەمیشەیی بوونی فەرمانبەرانی گرێبەستی داوە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، زۆرینەی فەرمانبەرانی گرێبەست نەک تەنیا ماوەی یاسایی خۆمان تەواوکردووە بەڵکو ساڵانی خزمەتمان لە نێوان (4 - 15) ساڵدایە و تا ئێستا نەکراوینەتە هەمیشەیی.

باس لەوەشدەکەن، لە سیستمی پاشەکەوتی موچە ئێمە زەرەرمەندی یەکەم بووین و بە نیو مووچەوە کە بۆ زۆربەمان تەنیا 200 هەزارێک بووە لە مانگێکدا دەوامی تەواوی خۆمان کردووە و لە ئەرک دانەبڕاوین، وەک لاتان ئاشکرایە لە ئێستاشدا 21% ی موچەکانمان دەبڕێت و بێ هیچ ئیمتیازاتێک حسابی فەرمانبەرێکمان بۆ دەکرێت کە موچەکەی یەک ملیۆنە لەکاتێکدا ئێمە زۆرینەمان موچەی تەواوەتیمان لەنێوان (350 - 500) هەزار دیناردایە.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، سەرەڕای ئەو ستەمە زۆرەی لە فەرمانبەرانی گرێبەست کراوە لە ئێستادا بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەی تایبەتەوە دەستمان کەوتووە دەنگۆی ئەوە هەیە له‌ ره‌شنووسى بودجه‌ى 2021ى هه‌رێمی کوردستان، پله‌ى وه‌زیفى و به‌هه‌میشه‌یىكردنى فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست ئاماژه‌ى پێناكرێت و بێبەش دەکرێن لە پلانی حکومەت بۆ بودجەی ئەمساڵ.

دەشڵێن، وێڕای ناڕەزایەتیمان بۆ ئەم شێوازە مامەڵەکردنەی حکومەت لەگەڵ دڵسۆزترین و ستەملێکراوترین چینی فەرمانبەران ئۆباڵی ئەم بڕیارە هەڵەیە دەخەینە ئەستۆی سەرجەم لایەنە سیاسیە بەشدارەکان لە حکومەتی هەرێم و داوای پێداچوونەوەی بەپەلەی ئەو بڕیارە دەکەین و جارێکی دیکە جەخت لە داواکاریەکانمان دەکەینەوە کە بریتین لە:

1-داواکارین لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی 2021ی هەرێمی کوردستان و بەر لە ڕەوانەکردنی بۆ پەرلەمان بە هەمیشەیی بوونی فەرمانبەرانی گرێبەست لە بڕگەیەکدا جێگە بکرێتەوە.

2- داواکارین لە سەرجەم فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان بێ جیاوازی ئینتیمای حزبی پشتیوانی داواکانمان بن لەکاتی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمان، لەو ڕوانگەیەوە کە لەکاتی بە هەمیشەییبوونمان مووچەی زۆرینەمان کەم دەکات و بە هەمیشەیی بوونی سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست بڕی دوو ملیار دینار خەرجی مووچە بۆ حکومەت دەگێڕێتەوە ئەوەش بە نوسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە سەلمێنراوە.

3- تا دەکرێینە هەمیشەیی هیچ جۆرە لێبڕینێکی موچە نەمان گرێتەوە بەو پێیەی ئێمە لە هەموو ئیمتیازات و دەرماڵەیەک کە بۆ کارمەندی هەمیشەییە بێ بەشین و مووچەکەمان زۆر کەمە.



PM:05:54:10/02/2021