پسپۆرێکی بواری نەوت لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین ئامۆژگاری سلێمانی دەکات

بەڕێوەبەرێکی رێکخراوێکی نەوت لە کوردستان ئامۆژگاری بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی دەکات کە رێگری بکەن هاوشێوەی هەولێر نرخی بەنزین بەرزنەبێتەوە.


وریا حسێن بەڕێوەبەری رێکخراوی ( دۆر ) بۆ زانیاری نەوت لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای دەکات کە کۆمپانیای ( کار گروپ ) لەلایەن عێراقەوە بایکۆت کراوە و زیانی سەدان ملیۆن دۆلاری بەردەکەوێت، حکومەت بۆ پڕکردنەوەی عجزی مالی کۆمپانیای کار ناچارە نەوتی خاو بدات بە کۆمپانیاکە ئەویش بیپاڵێوێت و لەناوخۆدا بەنرخی بازرگانی ساخی بکاتەوە، رێگەش نەدات بەنزین هاوردەی ناوخۆ بکریت تاوەکو ڕکابەری نەبێت".


ئەو پسپۆرەی بواری نەوت دەشڵێت " هەر بۆیە لە هەولێر هاوار لەخەڵکی هەستاوە نرخی بەنزین گران بووە".


وریا حسێن هۆشداری دەدات بە ئیدارەی سلێمانی و دەڵێت " ڕێگە بەوەها کاریک نەدەن چوونکە عەقدەکەی قەیوان لەگەڵ عێراق بەردەوامی هەیە، ئاگاداری ژیانی خەڵکی هەژار و برسی بن."


ماوەی دوو رۆژە نرخی بەنزین لە پارێزگای هەولێر بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە، ئەو پسپۆرە هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆمپانیای کار کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بایکۆت کراوە.
 


PM:12:14:12/02/2021