هەڵبژاردنی تەواوکاری خولی دووەمی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان ئەنجام دەدرێت

ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت" سبەینێ سێ پۆستی خانەی راپەڕاندن بەشێوەی هەڵبژاردن پڕدەكرێتەوە". 

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان، پاش ئەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بڕیاریدا شوێنی سێ ئەندامی دەست لەكاركێشاوەی خانەی راپەڕاندن پڕبكاتەوە، ژوری هەڵبژاردن ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە تەواو كردووەو، سبەینێ شەممە ١٣ی٢ی٢٠٢١پرۆسەكە ئەنجام دەدرێت.

 

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە لەو چوارچێوەیەدا، رێنمایی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی تەواوكاری خولی دوەمی خانەی راپەڕاندن  بە هاوبەشی لەگەڵ ژوری یاسایی دانراوە، لەئێستاشدا دوای كۆتایی هاتنی وادەی خۆكاندیدكردن، رۆژی شەممە (١٣/٢/٢٠٢١) لە كاتژمێر ( ١١)ی پێش نیوەڕۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكە ئەنجام دەدرێت و، ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی دەنگ دەدەن بۆ هەڵبژاردنەوەی سێ بەڕێزی دیكە بۆ ئەو پۆستانە.

 

ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان ئاماژەی بەوەكردووە بۆ هەر سێ پۆستەكە (سكرتێری جڤاتی نیشتمانی، سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان و سكرتێری كاروباری باژێڕەكان) ركابەری هەیە، بۆ هەریەكە لەپۆستەكان دوو هەڵسوڕاو خۆی كاندید كردوەو كاندیدی ئافرەتیش لەناو ركابەرییەكەوە. 

 

لەماوەی رابردوودا هەریەک لە (جەلال جەوهەر، شەماڵ عەبدولوەفا، عەدنان عوسمان)، ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەستیان لەكاركێشایەوە.



PM:01:15:12/02/2021