ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم لەسەر سزادانی دەستگیرکراوانی بادینان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم لەسەر سزادانی دەستگیرکراوانی بادینان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەینێت" لە دوێنێوە هەندێک دەزگای فەرمی و یاسایی و لایەنی سیاسی لێدوانی جیایان لەسەر پرۆسەی دادگاییکردن و بڕیارەکە داوە، ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی دەستوەردان لەکاروباری دەسەڵاتی دادوەری". 

 

روونكردنه‌وه‌یه‌ك له ب.راگه‌یاندنی‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌: 

دوێنێ رێكه‌وتی 16/2/2021 داوای ژماره‌ (47/ج 2 / 2021) كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ بینینی كه‌یسی چه‌ند تۆمه‌تبارێك، به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی یه‌ده‌گی دادگای تاوانی هه‌ولێر/2 به‌ڕێوه‌چوو. به‌ پێی یاساش سه‌رۆكی یه‌ده‌گ له‌ كاتی نه‌بوونی سه‌رۆكی دادگا، شوێنی ده‌گرێته‌وه‌ چونكه‌ سه‌رۆكی دادگا به‌هۆی تێكچوونی باری ته‌ندروستیه‌وه‌ ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم چاره‌سه‌ری پزیشكی وه‌رده‌گرێت و ئه‌و كه‌یسه‌ هه‌ر له‌ دادگای تاوانی هه‌ولێر / 2 به‌ڕێوه‌ چووه‌ و ره‌وانه‌ی دادگایه‌كی دیكه‌ نه‌كراوه‌.
هه‌روه‌ها پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و شه‌فاف و به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ په‌رله‌مانتارانی به‌ڕیز و نوێنه‌ری كۆنسولی وڵاتان و پارێزه‌رانی كه‌یسه‌كه‌ و نوێنه‌ری رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و رۆژنامه‌نووس و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌ڕێوه‌چووه‌ و پرۆسه‌كه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماكانی دادگه‌ری بووه‌. 
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌یره‌ له‌ دوێنێوه‌ هه‌ندێ داموده‌زگای فه‌رمی و یاسایی ولایه‌نی سیاسی لێدوانی جیاجیایان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دادگاییكردن و بڕیاره‌كه‌ داوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش بێگومان ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، چونكه‌ دادگا نوێنه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌كات و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریش بڕوای به‌ بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان هه‌یه‌ و نه‌ده‌بوو ئه‌و لایه‌نه‌ فه‌رمیانه‌ پێشێلی بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان بكه‌ن.

 

هه‌روه‌ها رێكاری یاساییش هه‌یه‌ بۆ تانه‌ لێدان له‌و بڕیاره‌و بێگومان پارێزه‌رانی كه‌یسه‌كه‌ تانه‌ پیشكه‌ش به‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئیتر پێویست به‌و هه‌موو لێدوان و ده‌ستێوه‌ردانه‌ له‌ كاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری نه‌ده‌كرد.

 

هیوادارین ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ نه‌درێن تاوه‌كو بڕیاری كۆتایی له‌لایه‌ن دادگای تایبه‌تمه‌ند كه‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ ده‌رده‌چێت و دادگای پێداچونه‌وه‌ش بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ ده‌دات به‌ پێی یاسا.

ب. راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان
17/2/2021



PM:12:14:17/02/2021