" سپی " زانیاری ورد لەسەر هێرشە مووشەکەیەکەی سەر هەولێر بڵاودەکاتەوە، کێ لەپشت هێرشەکەوەیە؟ لەناو سەربازگەکەی هاوپەیماناندا بنکەی کام وڵاتی هاوپەیمانی پێکاوە؟

‌وێنەیەکی سەربازگەکەی هاوپەیامانان دوای مووشەک باران

ئەو هێرشە مووشەکییەی شەوی ١٥ ی شوبات کرایە سەر هەولێر و لە چەند شوێنێکی سەربازی و مەدەنی کەوتە خوارەوە ئامانجی سەرەکی لەو هێرشانە بنکەی هاوپەیمانان بووە لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر.


بەپێی ئەو زانیاریانەی زیاتر لە چەند سەرچاوەیەکەوە دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە ئەو مووشەکانەی ئاراستەی هەولێر کراون خەڵکی زۆر پسپۆر ئاراستەی کردوون و چەند مووشەکێکی بە دیاریکراوی لەناو ئەو سەربازگەیەدا کەوتۆتە خوارەوە کە هاوپەیمانانی دژی داعش لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، تیایدا نیشتەجێن.  


ئاراستەکردنی ئەو مووشەکانە هێندە زانایانە کراون، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە، لەناو سەربازگەکەی هاوپەیماناندا بەشی ئەمەریکی و بەشی کەنەدی کردۆتە ئامانج و پێکاونی، لە کاتێکدا لەو سەربازگەیەدا بەشی سەربازانی ئەڵمانیا و فەرەنساو وڵاتانی تری هاوپەیمانی دژی داعشیشی تێدا جێگیرە.


کوژراو و بریندارەکان و ئەو وڵاتانەی سەربازگەکەیان لەناو ئەو کەمپەدا بەرهێرشکەوتووە، ئەمەریکی و کەندەییەکانن( کوژراوێک و شەش بریندار )، هەڵوێستی ئەو دوو وڵاتە لەبارەی ئێرانەوە ئاشکرایە کە توندترین هەڵوێستیان هەیە، بە بەراورد بە ئەڵمانیا و فەرەنسا و وڵاتانی تری هاوپەیمانی دژی داعش، هەر بۆیە زانیارییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو کەسە سەربازیانەی مووشەکەکانیان ئاراستەکردووە کەسی زۆر شارەزاو پسپۆربوون و ، ئامانجەکەش هێزەکانی ئەمەریکا و کەنەدا بووە لەو سەربازگەیەی لە تەنیشت فڕۆکەخانەی هەولێرەوەیە.


دەربارەی سەرکردنی ژمارەیەک لەو مووشەکانەو نە پێکانی ئامانجەکانی، کەوتنەخوارەوەی لە ناو هەولێر و شوێنە مەدەنییەکان، بەپێی زانیارییە سەربازییەکان، ئەو مووشەکانە لە چرکەساتەکانی یەکەمی بۆردومانەکەدا ئامانج دەپێکێت، بەڵام بەهۆی جووڵەی ئەو بنکەیەی لێوەی ئاراستە دەکرێت، مووشەکەکانی تری کەمتر ئامانج دەپێکن، هاوشێوەی ئەم هێرشەش، هێرشەکانی سەر ناوچەی سەوز و باڵوێزخانەی ئەمەریکایە لەبەغدا، کە زۆر کەم ئامانج دەپێکن.


هەر بۆیە زۆربەی دراوە سەربازییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو کەسانەی لەسەر مووشەکەکان کاریان کردووەو تەقاندوویانە، پسپۆری ئێرانی بن و، لە مووشەکەکانی یەکەمیشدا ئامانجی خۆیان کە سەربازخانەکەی هاوپەیماننان بووە لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر و لەناو ئەو سەربازگەیەشدا بەشی ئەمەریکی و کەندی بووە، پێکاویانە.

دەربارەی ئامانجی سیاسی ئەو هێرشەش شیکردنەوەو راڤەکردنەکان زۆرن، لەوانە تۆڵە سەندنەوە لە ئەمەریکا، بەرامبەر کووشتنی قاسمی سلێمانی و مەهدی موهەندیس، هەروەها هەڵوەشانەوەی سەردانەکەی پاپا کە بەتایبەتی دەیەوێت لە سەرەتای مانگی ئازاردا سەردانی هەولێر و سیاستانی گەورە مەرجەعی شیعەکانی عێڕاق بکات، کە ئێران لەم سەردانە زۆر نیگەرانە، هاوکات رەنگە ئامانجێکی تریش بۆ ئەوە بێت هەرێم زیاتر سازش بکات بۆ بەغداو بەتەواوی بکەوێتە ژێر هەژموونی شیعەوە.    

 


PM:05:48:17/02/2021