تەندروستی چەمچەماڵ لەبارەی ئەو پیاوەی پشکنینەکەی بە دووگیان دەرچووە روونکردنەوە دەدات

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی چەمچەماڵ روونکردنەوە دەدات لەبارەی ئەنجامی پشکنینی پیاوێکی تەمەن ٦٠ ساڵ و دەڵێت" ئەو دامەزراوە تەندروستییەی وێنەی لەهەواڵەكەدا  هاتوە نەبەشی تاقیگەو نەهیچ كارمەندێكی تاقیگەو هیچ جۆرە شیكارییەكی تێدا ئەنجام نادرێت". 

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ روونكردنەوەیەكی لەبارەی ئەنجامی پشكنینێك بڵاوكردەوە رایگەیاند" سەبارەت بە بوونی ئەنجامی پشکنینێکی هەڵە لەیەکێک لە نەخۆشخانەکانی چەمچەماڵ گوایە لەکاتی دانەوەی ئەنجامی شیکاری بەڕێزێک کە پیاوێکی نزیک شەست ساڵە "دووگیانە" هەرچەندە بەپێویستمان نەزانی وەڵام بدرێتەوە، بەڵام روونکردنەوەکە بۆ بەرچاوڕوونی زیاتری هاوڵاتییانە لەسەر حاڵەتەکە، چونکە ئێمە دەزانین زۆرجار وروژاندنی ئەم هەواڵەنە بۆ مەبەست و ویستی تایبەتی پەیج و ئەکاونتەکانە پەیوەندی بەکاری رۆژنامەوانەیەوە نیە و  دورە لە ئەخلاق و  ئیتیک و پیشەی رۆژنامەنووسی و کاری راگەیاندن".

ئەوەشخراوەتەڕوو، هەرچەندە ناوی نەخۆشخانەکە و وێنەی تەواوی شیکارییەکەیان بڵاونەکردۆتەوە کەئەمە هەرخۆی بەڵگەی بێبنەمابوون و دروستکراوی دەسەلمێنێ دواتر ئەوانەی ئەو هەواڵەیان بڵاوکردۆتەوە هیچ باکگراوند و شارەزاییەکیان لەو رووەوە نییە و لەگەڵ ئەوەشدا جیاکاری لە نێوان نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی ناکەن و نازانن ،چونکە ئەو دامەزراوە تەندروستییەی وێنەی لە هەواڵەکەدا هاتووە و سەر بە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی چەمچەماڵ کە گوایە لەو بنکە تەندروستییە شیکارییەکەی تێدا کراوە، نە بەشی تاقیگە  و نە هیچ کارمەندێکی تاقیگە، هەروەها هیچ جۆرە شیکارییەکی تێدا ئەنجام نادرێت. 

باس لەوەشکراوە، بەپێی شارەزایی پسپۆڕانی بواری تاقیگەیی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی چەمچەماڵ کە بابەتەکە پەیوەندیدارە بە پیشەکەیانەوە پشت بەشارەزای و توانای زانستی ئەوان دەبەستێت، زۆرجار لەکاتی ئەنجامی ئەو جۆرە  شیکارییە کەتایبەتە بە ئەنجامی دووگیانی و شێرپەنجەی پرۆستات  ئەم حاڵەتە روودەدات هیچ جێگە سەرسوڕمان نییە و ئاساییە بۆ نمونە، هەندێک جۆری شیرپەنجە وادەکات لە پیاوان و ژنان ئەنجامی شیکاری دووگیانی پۆزەتیڤ بێت، چونکە شیکاری دووگیانی پشتدەبەستێ بە هۆڕمۆنی" HCG" جیاوازی ناکات لە نیوان رەگەزی نێر یان مێ، بۆیە هۆرمۆنەکە کە دەڕژێت و رێژەکەی لە 5 mIU/ml زیاتر بێت پشکنینەکە بە پۆزەتیڤ پیشان دەدات، واتا بوونی ئەم هۆڕمۆنە وادەکات ئەنجام پۆزەتیڤ بێت هەرچەندە کەسەکە دووگیانیش نەبێت. 


PM:01:30:18/02/2021