ناتۆ ٣٥٠٠ سەرباز دەنێرێت بۆ عێراق

لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا ئەمەریکا و هاوپەیما نی دژی داعش هێزەکانیان کەمبکەنەوە لەعێراق، بەپێچەوانەوە لە ژێر چەتری ناتۆدا ٣٥٠٠ سەربازی تر ڕەوانەی عێراق دەکرێت. 

 
یانز ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ ی شوبات رایگەیاند"  ئەركی هێزەكانمان لە عێراق فراوان دەكەین و ٣٥٠٠ سەربازی تردەنێرین بۆ عێراق".



ئەمینداری گشتی ناتۆ ئاشکراشی کرد ژمارەی هێزەكانیان لە عێراق هەشت هێندەی ئێستا زیاد دەكەن و بڵاوەپێكردنی جوگرافیی هێزەكانیشیان بەرەو دەرەوەی بەغدای پایتەختی فیدراڵی دەبەن. هاوپەیمانی ناتۆ لە ئێستادا تەنها 500 سەربازی لە عێراقدا هەیە.


بەهۆی ئاڵۆزیی و تێکچوونی باری ئاسایشی عێراقەوە  چەند ڕۆژێكە وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ خەریكی وتوێژ بوون لەبارەی زیادكردنی ژمارەی هێزەكانیان لەو وڵاتە.


هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دژی ئەم بڕیارە چاوەڕوانكراوەی هاوپەیمانیی ناتۆ وەستایەوە لەبارەی ناردنی هێزی زیاتری سەربازی بۆ عێراق.




AM:12:03:19/02/2021