ئەنجامی پشکنینی پێنج گومانلێکراوەکەی کۆرۆنای گۆڕاو لە هەرێمی کوردستان راگەیەندرا

دوای ئەوەی دوێنێ پێنج کەس گومانی توشبوونیان بە زنجیرەی نوێی کۆرۆنا لێدەکرا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی شووباتی ٢٠٢١ ئەنجامی پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ دەرچووە و دەرکەوتووە توشبووی کۆرۆنای گۆڕاون.

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" ئەو پێنج تووشبووەی گومانی كۆرۆنای گۆڕاوییان لێدەكرا، ئەنجامی پشكنینەكانیان پۆزەتیڤ بووە و دەركەوتووە هەڵگری كۆرۆنای گۆڕاون".

 

دوێنێ شەممە د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆناوە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەبارەت بە زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، هەموو پێداویستیەکانی دەستنیشانکردن لە ئامێری تایبەتمەند و تێستی تایبەت بەم ڤایرۆسە دابینکراوە، وەزیری تەندروستی، تەندروستی پارێزگا و ئیدارەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئامادەکاری تەواو بۆ پشکنین لە بازگەکان و تێست کردنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا هاوشێوەی فڕۆکەخانەکان و بەدواداچوونی بەرکەوتەکانیان و ڕووپێوکردنیان و هەماهەنگی کردن لەنێوان تاقیگەکانی تەندروستی گشتی لە پارێزگاکان بۆ ئاڵوگۆڕی شێوازی کارکردن و دەستنیشانکردن و هاوکاری کردن لە پێداویستیەکان.

 

وتیشی" تا ئێستا لە ڕووی خۆپارێزی و پڕۆتۆکۆلی چارەسەری هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆڕۆنا COVID19 بەڵام بە هەستیاریەوە چاودێری ئەم ڤایرۆسە دەکەین".
 
لەبارەی ئامادەكارییەكانیشەوە ئاماژەی بەوەکرد" ئامادەکاری تەواو هەیە بۆ هەر ڕێکارێک کە بڕیاری لێ بدرێت بۆ پشکنینی هەر کەسێک کە لە پارێزگاکانی تری عیراق ڕوو لە هەرێم دەکەن".

 

بەپێی دوایین ئامارەکانی تەندروستی هەرێم، کۆی گشتی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ١٠٧هەزار و ٦٢٦ کەس. لەو ژمارەیە ١٠٢ هەزار و ٩١٣ کەس چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و ٥٠٥ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

 

جێی باسە، دوێنێ ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لەراگەیەنراوێکدا ئاگاداری گشت هاوڵاتیان و گەشتیاران کردەوە کە لەلایەن ئێرانەوە بە ڕێگای پەیوەندییەکانەوە، ئاگاداریان کردونەتەوە کە حکومەتی ئێران بڕیاری داوە ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر (٢:٠٠)ی پاش نیوەڕۆ دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە ڕووی گەشتیارییەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە دادەخەن.



AM:11:08:21/02/2021