وەزیری شارەوانی هەرێم: كاركردن لە شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی بەردەوامە

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ڕایدەگەیەنێت" كاركردن لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بەردەوامە و تا ئێستاش نزیكەی %10ی كارەكانی تەواوكراون".

 

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" كاركردن لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بەردەوامە و بەگوێرەی خشتەی بەرەوپێشچوونی كارەكان، تا ئێستا نزیكەی %10ی كارەكانی جێبەجێكراون و سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانیش بەردەوام چاودێریی كارەكانی ئەو پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەی سلێمانی دەكات". 

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژە بە سەختی شوێنی دروستكردنی شەقامەكە دەكات و دەڵێت" تۆپۆگرافیای ئەو شوێنەی كە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی لێ جێبەجێ دەكرێت، تۆپۆگرافیایەكی تارادەیەك سەختە و هێشتا كاركردن لێی لە قۆناغی خۆڵكاری و بڕین و پڕكردنەوە و جێبەجێكردنی كارە كۆنكرێتییەكاندایە". 

ساسان عەونی لەبارەی كاریگەرییەكانی كەشوهەوای باراناوی و بەفربارین لەسەر پرۆسەی بەڕێوەچوونی كارەكانی شەقامەكە وتی" ئەو چوار مانگەی كە وەرزی زستان بوو، بەهۆی باران و بەفر و سەختی كەشوهەواوە تارادەیەك بەربەست لەبەردەم زیاتر بەرەوپێشچوونی كارەكان دروست بوو، لەگەڵ خۆشبوونی كەشوهەوادا لە وەرزی داهاتووەوە كارەكانی تەواوكردنی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی بەشێوەیەكی باشتر بەرەو پێش دەچن". 



PM:12:25:25/02/2021