تەندروستی هەرێم: گەورەترین بەشی چاودێریی چڕمان بۆ توشبووانی کۆرۆنا کردەوە

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڵکشان و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و جۆرە گۆڕاوەکانی و ترسناکی بڵاوبوونەوەی خێرای پەتاکەدایە، وەک ئامادەکارییەکیش بۆ ئەو مەترسییە ئەمڕۆ  گەورەترین بەشی چاودێری چڕ بۆ توشبووانی کۆرۆنا لە شاری هەولێر دەکرێتەوە". 

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە" بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، دکتۆر سامان بەرزنجی لە درێژەی ئامادەکاریەکان بۆ بەرەگاربونەوەی هەڵکشانی نۆێی نەخۆشیی کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەورەترین بەشی چاودێریی چڕ بۆ ئەو توشبووانە کرایەوە". 

ئاماژە بەوەشکراوە، بەشەکە بەناوی نەخۆشخانەی لالاڤ لە شاری هەولێر دوای تەواو بوون و دابینکردنی سەرجەم ئامێر و پێداویستی پزیشکی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشانی کۆڕۆنا کە باری تەندروستیان ناجێگیرە بەکاردەهێنرێت.

وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەشکردووە، کردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە لەکاتێکدایە ڕۆژ بەڕۆژ ژمارە و ڕێژەی توشبوون لە زیادبوون دایە و هەموو ئاماژەکان بەرەو هەڵکشان و تەشەنەکردنی ئەم پەتایەیە و هەرێمی کوردستان لەبەردەم ترسناکی بڵاوبوونەوەی خێرا دایە. 

داواش لە هاوڵاتییان دەکات پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و خۆیان بپارێزن بۆ دوور بوون لە توشبوونیان بە نەخۆشی کۆڕۆنا.

 

تائێستا لەهەرێمی کوردستان ١٠٨ هەزارو ٧١٧ توشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و ٥١٩ توشبوو گیانیان لەدەستداوە.



PM:01:22:28/02/2021