بەرپرسێکی گۆڕان دەستلەکاردەکێشێتەوە


سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و دەڵێت " بەردەوامی بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە بەمجۆرە بەدڵنیاییەوە گۆڕانی توشی شكستی قورستر دەكەنەوە و بۆ ئەوەی زیاتر نەبم بە بەشێك لەو شكستە وەك ناڕەزاییەك دەست لەكاركێشانەوەی خۆم پێشکەش كردوە".  


لە ڕونکردنەوەیەکدا عەبدولڕەحمان موهەندیس کەسەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕانە لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و  هاوکات ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕانیشە لە دەستلەکارکێشانەوەیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بڵاویکردۆتەوە، دەڵێت "پێشتر پاش شكستهێنانی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانی كوردستان لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانیدا داوام لە رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن کرد دەست لەكار بكێشنەوەو ئامادەیی خۆشم نیشاندا بەیەكەوە لەگەڵ ئەوان دەست لەكاربكێشمەوە، بەڵام ئەوان نەیانكرد".


هەروەها دەشڵێت " وەك فراكسیۆن داوامان كرد نەچینە ناو حكومەت و ناوماڵی خۆمان رێكخەینەوە، لەدەنگدانی چوونە ناو حكومەت و بۆ ئەوەش من و چوار هاوڕێی دیكەی جڤات دژی چوونە ناو حكومەت دەنگماندا".

  
عەبدولرەحمان موهەندیس پێشبینی دەکات " بەدڵنیاییەوە ئەمجارەش لە هەلبژاردنی داهاتوودا گۆڕانی توشی شكستی قورستر دەكەنەوەو، بۆیە تاكو زیاتر نەبم بە بەشێك لەو شكستە بەر لە (3) سێ‌ مانگ لە رێكەوتی 6ی12ی2020 لە نامەیەكی دوو لاپەڕەییدا بڕیاری خۆمداو وەك ناڕەزاییەك دەست لەكاركێشانەوەی خۆم لە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆران لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر (ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان) پێشكەش بە رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەراندن و جڤاتی نیشتیمانی كردوە."  
 


دەشڵێت "تاكو ئێستاش من لەگەڵ هاوڕێكانم لە فراكسیۆن بەیەكەوە كار دەكەین، ئەوەی لە توانامدا بێت درێخی ناكەم. ئەوەشی وتووە،  "حیزبێك نەتوانێت ڕیفۆرم و چاكسازی لەناوخۆی خۆیدا بكات، حەتمەن ناتوانێت ڕیفۆرم و چاكسازی لەدەرەوەی خۆیدا بكات، ئەوانەی ( گۆڕانی ئێستا) بەڕێوە دەبەن، ئەگەر پابەندی پرەنسیپ و ئامانجەكانی جارانی گۆڕانن، پێویستە بەخۆیاندا بچنەوە و چیتر بزووتنەوە جەماوەریەكە گچكە و ناشیرین نەكەن".  

 

 


AM:10:02:06/03/2021