پاپا لە ئور: برایەتیمان پاڵمان پێوەدەنێت بۆ ئەوەی مرۆییانە بژین

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لەشاری ئور لەپارێزگای زیقار وتارێکی پێشکەشكرد و وتی" تیرۆر ئایین دەقۆزێتەوەو ئێمە دەبێت رێگری لەوانە بكەین كە كردەوەكانیان بە ئایین دەپۆشن".  جەختیش دەکاتەوە، کە ئاشتی بەدینایەت ئەگەر هەماهەنگی و هاوسۆزی لەنێوان مرۆڤایەتیدا نەبێت.

 

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٦ی ئازار گەیشتە شاری مێژوویی ئور لە پارێزگای زیقار و لەمیانەی دیداری ئاینە جیاوازەكاندا وتەیەكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند" ئامانج لەسەردانیکردنی بۆ شوێنە ئاینیی و مێژوییەکان بۆ پشتیوانیکردنە لە فرە رەنگی ئاینیی، ئازادی بیروڕای و بۆچونی ئاینی، هەروەها دەیانەوێت پارێزگاری لەو شوێنانە بکرێت، چونکە کاتێک تیرۆر هێرشدەکاتەسەر شوێنە پیرۆزەکان دەیەوێت بەشێک لەمێژوی ئاینییش بسڕێتەوە".

 

وتیشی" ئیمان پێكەوە كۆمان دەكاتەوەو تیرۆر و توندوتیژی لە ئایینەوە سەرچاوە ناگرن. تیرۆر، ئایین دەقۆزێتەوەو ئێمە دەبێت رێگە لەوانە بگرین كە ئایین وەك رۆپۆشێك دەقۆزنەوە. برایەتیمان پاڵمان پێوەدەنێت بۆ ئەوەی مرۆییانە بژین".

 

هەروەك پاپا ئاماژەی بە قوربانییانی ئێزی كرد و وتی" سەدان كەس لە ئێزدییەكان مردن و مامەڵەی خراپیش لەگەڵ زۆرێكیاندا كرا، بەتایبەت منداڵەكانیان” و ئاماژەی بەوەكرد، كاتێك تیرۆر هێرشی كردەسەر ئەم وڵاتە، هێرشی بۆ سەر بەشێك لە مێژوو كرد". 

دوپاتیشیكردەوە، هاتنم بۆ ئەم شوێنە پیرۆزە بۆ بوژاندنەوەیەتی.

 

دوێنێ هەینی پاپا فرانسیس بەسەردانێک گەیشتە بەغدادی پایتەختی عێراق و لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا و لە یەکەم دیداردا لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و لە کۆشکی سەلامی سەرۆکایەتیی کۆماریش وتارێکی پێشکەشکرد، هاوکات بڕیارە سبەینێ یەکشەممە ٧ی ئازار سەردانی هەولێر بکات.



PM:02:05:06/03/2021