" له ‌كوردستان سەرکردەیەک نیە بتوانێت لایەنە سیاسییە ناکۆکه‌كان کۆبکاتەوە "

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" ئه‌گه‌ر ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر داهاتووی ئه‌م میلله‌ته‌ بووایه‌ و له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وت بووایه‌ بۆ میلله‌ته‌كه‌مان له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ بووایه‌ یاخود له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی سیاسه‌تی ڕاست و دروست و هه‌ڵه‌ بووایه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تی فكر و مه‌بادئی بووایه‌ من پێم وایه‌، یان لەسەر دەوڵەتی کوردی و مەسەلەی نەتەوایەتی بووایە، چاره‌سه‌ره‌كان ئاسان ده‌بوو کەواتە خەڵک دەبێت خۆی بزانێت ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیە کوردییەکان لەسەر چیە؟ مادام لەسەر خەڵک و کوردستان و شتی باش نەبێت".

 

جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەدەنگی ئەمریكای ڕایگەیاند" ناكۆكییەكان لەڕاستیدا ئەمڕۆ ڕۆڵی سەرەكیی سەبارەت بەعێراق دەبینێت ئێستا ململانیەكی زۆر هەیە لەنێوان سونە و شیعە و كورد و هەتا لەنێوان باڵە شیعیەكاندا ململانێكی زۆر هەیە، ڕەنگە دەستێوەردانی ناوخۆیی هەبێت كەزۆربەی ئەو لایەنانە هەر لایەنێكیان سەر بەشوێنێك بێت و لەشوێنێك "تەوجیه" وەربگرێت دەتوانیین بڵێین كۆنتڕۆڵیان لەدەستی خۆیاندا نییە كەكۆنتڕۆڵیش لەدەستی خۆیاندا نەبوو بەدڵنیاییەوە ئەو لایەنەی چۆن بیەوێت وای هەڵدەسوڕێنێت بۆیە ناكۆكی لایەنە سیاسیەكان یەكێكیان ئەوەیە و یەكێكیان بۆ دەسەڵاتە ئەوەی تریشی بۆ دەستكەوت چەند دەسەڵات دەگرێتەدەست و بە چ ڕێگەیەك دەتوانێت دەسەڵات بگرێتەدەست". 

جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی لەناكۆكی نێوان لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان كرد، لەو ڕووەوە دەڵێت" لەهەرێمی كوردستانیش بەڕاستی ئەوەی كەمن دەیبینم هیچ لایەنێكی سیاسی باسی ئەوە ناكات ئایا لەسەر سەربەخۆیی كوردستان بێت لەسەر حوكمی زاتی بێت لەسەر فیدڕاڵی بێت لەسەر كۆنفیدڕاڵی بێت لەسەر چارەنوسی ئەم میللەتە بێت ناكۆكییەكان، من خۆم بەش بەحاڵی خۆم ناكۆكییەكان لەوەدا نابینم ئەگەر ناكۆكییەكان لەسەر داهاتووی ئەم میللەتە بووایە و لەسەر دەستكەوت بووایە بۆ میللەتەكەمان لەسەر ئەم مەسەلانە بووایە یاخود لەسەر مەسەلەی سیاسەتی ڕاست و دروست و هەڵە بووایە لەسەر سیاسەتی فكر و مەبادئی بووایە من پێم وایە چارەسەرەكان ئاسان دەبوو، وە ئێستاش نەچووە بچێت پاپا كەسیایەتێكی جیهانی زۆر گەورەیە ڕووی كردبێتە هەر وڵاتێك و هەرشوێنێك چارەسەری كێشەكانی كردووە، ئێستاش نەچووە بچێت حەقە ئێمە پێویستیمان بەكەس نەبێت ڕێنمایمان بكات و ڕێگەمان پیشان بدات و ئامۆژگاریمان بكات بۆ یەكێتی و برایەتی خۆمان دەبێت بیكەین."

بەوتەی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێراق ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییە كوردییەكان لەنێوان خۆیاندا زۆر لەوە قوڵترە كەباس دەكرێت لەو ڕووە دەڵێت:" ناكۆكییەكان لەوەش قوڵترە كە ئێستا بەیەكەوە دانەنیشن و داشنیشن چارەسەری بچووكترین كێشەیان پێ ناكرێت مانای ئەوەیە ناكۆكییەكان قوڵن خۆ ئەگەر بوترێت ناكۆكییەكان شتێكی ڕووكەش و سادەیە وانییە ئەگەر قوڵ نییە بۆچی ناگەنە ئەنجامێك و بۆ "هەریەكەی لە ئاشێك لێی دەكات؟"

ئاماژەت بەوەكرد ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسیە كوردییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق لەنێوان خۆیاندا لەسەر خاك و خەڵك و دەوڵەتی سەربەخۆ و ئەو بابەتانە نیە كەپەیوەستە بەخەڵك و خاك ئەی كەواتە ڕونتر دەمەوێت بپرسم ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییە كوردییەكان لەسەر چییە؟

لەوەڵامدا شێخ جەعفەر مستەفا وتی" دەی كەواتە ئەوەی تر دەبێت گوێگر و پرسیاركەر خۆیان شیكاری بكەن لەسەر چییە؟ چونكە ئەگەر لەسەر شتەباشەكان نەبێت كە ئیتر لەسەر مەسەلەی كورد نەبێت و لەسەر مەبادئی نەبێت و لەسەر چارەنوسی میللەتەكە نەبێت و لەسەر سەربەخۆیی كوردستان نەبێت لەسەر دروستكردنی كیانی كوردی نەبێت دەبێت بەرامبەرەكە ئەوانەی كە گوییان لێیە بزانن لەسەر چییە؟"

كەوایە چارەسەری ئەو ناكۆكیانەی نێوان لایەنە سیاسیە كوردییەكان خۆیان چییە؟وەڵامەكەی شێخ جەعفەر مستەفا بەمجۆرە بوو" هیچ چارەسەرێك نییە، چارەسەرێك نییە دنیا لەجووڵەدایە ئومێد دەكرێت گۆڕانكاریش لەكوردستان هەبێت و ئەو برادەرانەش جارێكی تر بیری ئەوەیان بكەوێتەوە، ئەمڕۆ هاوپەیمانان و هەموو دنیا پشتیوانی میللەتەكەمان دەكەن و دەیانەوێت لەشكرێكی پێشمەرگەی سەربەخۆمان بۆ دروست بكەن هەوڵدەدەن لەهەموو بوارێكەوە هاوكارمان بن لەڕووی ئابورییەوە یارمەتیمان بدەن لەڕووی سیاسی و ئیدارییەوە یارمەتیمان بدەن و ئاوەدانكردنەوە و كاری خزمەتگوزاری بكەن وەبەرهێنان بكەن ئێمە ئەوانە دەبینین بەدرێژایی مێژوو كورد ئەو پشتیوانییەی نەبووە كەئەمڕۆ هەیەتی حەقە ئێمە بیر لەوە بكەینەوە كێشە ناوخۆییەكانی خۆمان چارەسەر بكەین، ئێستا كاتی ئەوەیە بیر لەوەبكرێتەوە، ئومێدیش دەكەم سەركردایەتی سیاسی كورد واز لەهەندێك مەسەلە بهێنن و بگەڕێننەوە سەر بەرژەوەندی میللەتەكەمان و داهاتووی میللەتەكەمان و ئەو قوربانی و فیداكارییەی كە لەپێناوی ئەم كوردستان و میللەتە داویانە بگەڕێننەوە سەر ئەوە كۆتایی بەكێشەكان بهێنن و بۆ خەڵكی كوردستان و بۆ پارێزگاری كردنی ئەم كیانە و سەركەوتنی زیاتر و دەستكەوتی زیاتر بۆ میللەتەكەمان."

جەعفەر مستەفا جەختی لەسەر كێشەی قوڵی نێوان لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان كردەوە و وتی:" چارەسەركردنی ئەو كێشانە پێویستی بەپاپا نییە دەڵێم ئەوەندە ئاسان نییە جا مەگەر دنیا وەرچەرخانێكی تێدا بێت و گۆڕانكارییەكی گەورەی تێدا بێت نازانم ئەگەر قەزا و قەدەری ئیلاهی شتێكی واببێت بتوانرێت ئەو گۆڕانكارییە ببێت لەعەقڵ و لە كاروكردەوەیاندا ئەو یەكڕیزی و برایەتی و تەباییە دروست بكات و میللەتەكەمان بەرەو كیانی سەربەخۆ بەرێت."


واتە كورد سەركردەیەكی تێدانیە بتوانێت ئەو لایەنە سیاسییە ناكۆكانە كۆبكاتەوە؟ لەوەڵامدا جەعفەر مستەفا وتی" ئەگەر ببوایە هەڵبەت كۆدەكرایەوە و كۆی دەكردنەوە و چارەسەری كێشەكانی هەموویانی دەكرد سەرۆكی حیزب هەیە بەڵام وەكو سەرۆكی میللەتێك ئەگەر بڵێین ئێستا هەیە و هەموو لایەنەكانی كۆدەكردەوە و فەرموون چیتان دەوێت و لەچیتان كەمە و كێشەتان چییە؟ لەم وڵاتەدا ئەركتان هەیە و لەهەمانكاتدا مافتان هەیە لەكەس قبوڵ ناكرێت لەدەرەوەی یاسا و نیزام بێت دەبێت هەموو لایەكمان ملكەچی یاسا و نیزامی هەرێمی كوردستان بین."

دەربارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد جێگری سەرۆكی هەرێم دەڵێت" كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد كێشەی ئەمڕۆ نییە ئەوە بەدرێژایی مێژووە، ئەوانە دەیانەوێت كوردستان ژێردەستەی ئەوان بێت و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە بەئارەزووی خۆیان بەرن میللەتەكەمان هاوڵاتی پلە دوو و پلە سێ بێت هەروەها دووبارە جارێكی تر من ئەوە دەڵێمەوە كۆنتڕۆڵ لەژێر دەستی خۆیاندا نییە من پێمواییە ئەگەر عێراقییەكان كۆنتڕۆڵ لەژێردەستی خۆیاندا بووایە چارەسەری كێشەكانی ناوخۆشیان و نێوان بەغداد و هەرێمی كوردستانیش زۆر بەئاسانی چارەسەرییان دەكرد."



PM:12:10:10/03/2021