پۆلیسی هه‌ولێر: گەنجێک به‌كوژراوی‌ له‌ناو سندوقی‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا دۆزرایه‌وه‌

لەلایەن هێزەكانی بەشی پۆلیسی پارێزگای هەولێر تەرمی گەنجێکی تەمەن ٢٩ ساڵ لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدا دۆزرایەوە، کە ئاسەواری سێ فیشەك بە جەستەیەوە.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئێوارەی ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ هەینی بەشی پۆلیسی قەزای دەشتی هەولێر بنكەی پۆلیسی كەسنەزان ئاگاداركرانەوە بەبوونی تەرمێك، دوای گەیشتنی تیمیەکانی پۆلیس بۆ شوێنی ڕوداو دەرکەوت کە هاوڵاتییەک بەناوی (ع، ص، س، تەمەن ٢٩) ساڵ بەکوژراوی لەنێو سندوقی ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا دۆزراوەتەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا پۆلیسی هەولێر باسی لەوەشکردووە، كە تەرمەكە شوێنەواری سێ گولـلەی بە جەستەیەوە دیار بووە، تیمەكانی پۆلیس سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن بۆ گەیشتن بە هۆكاری ڕاستەقینەی ڕووداوەكە و دەستگیر كردنی بكەری سەرەكی تاوانەكە.



PM:09:36:12/03/2021