بەپەلە.. بارزانی دوو پەیام ئاراستەی هێزی پێشمەرگە دەكات (پەیامی یەكەم)

مەسعود بارزانی، سەرۆکی (ماوە بۆ درێژكراوە)ی هەرێمی کوردستان دوو پەیامی جیا ئاراستەی پێشمەرگە و رای گشتی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دەکات.

پەیامی یەکەم:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەهۆی ئەو بارودۆخەی ئێستا لەسەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق هاتووەتە ئاراوە و بۆ بەرگریكردن لە سەروماڵی هاووڵاتیان و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان پێویستە هەموو لایەك بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە پاڵپشت و هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی ئاساییشی هەرێمی كوردستان بن.

داوا لە هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەكەم كە لە قۆناغی خانەنشینیی خۆیان دان، بە مەبەستی پشتگیری و پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و خۆئامادەكردن بۆ هەموو ئەگەرێك پەیوەندی بەو شوێن و بارەگایانە بكەن كە پێشتر تیێدا خزمەتی گەل و نیشتیمانەكەیان كردووە. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە و یەكە فەرماندەییەكان ڕێوشوێنی گەنجاو بۆ ڕێكخستن و دابەشكردنی ئەركەكانیان بگرنە بەر.

داوا لە جەماوەری سەربەرزی كوردستان دەكەم كە هەر كەسەو بە پێی توانای خۆی هاوكاری و پشتیوانی پێشكەشی بە پێشمەرگەی كوردستان بكەن. لێرەدا هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە بە پشتیوانیی خوا و ئیرادەی ئێوە، هێزەكانی پێشمەرگە وەك قۆناغەكانی پێشووی خەباتی گەلەكەمان بە هێز و بڕوابەخۆبوونەوە ئامادەی بەرگریكردنن لە كوردستان و بێگومان ئاییندەیەكی گەش و پڕشنگدار چاوەڕوانی گەلی كوردستانە.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
18ـی 6ـی 2014




PM:02:17:18/06/2014