کۆبوونەوەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان کورد و شیعە دەستیپێکردەوە

دوای ئەوە لایەنە کوردیەکان، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی، شیعە تۆمەتبار دەکەن بەوەی دەستکاری ئەو داڕشتنەی کردووە کە شەوی رابردوو رێککەوتنی لەسەر کراوە، جارێکی تر کۆبوونەوەی نێوان وەفدی هەرێم و حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرە کوردەکەی بەشیر حەداد دەستی پێکردەوە.

ئەو خاڵەی زیاد کراوە بۆ مادەی ١١ کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی لەگەڵ لایەنی شیعە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات " ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبوو بە ناردنی ئەو بڕە نەوتەی بۆی دیاریکراوە، ئەوە بەغدا شایستە داراییەکانی وەبەرهێنان و موچەی فەرمانبەران بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت".

وەفدی هەرێم لە بەغدا ناڕازین بەو خاڵەو بەتایبەتی پارتی فراکسیۆنی پارتی هەڕەشەی بایکۆتکردنی دانیشتنی دەنگدان بە پڕۆژەیاساکە دەکەن.

  بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی شەوی ڕابردوو لەلایەن شاندی هەرێم و شیعەکان لە لیژنەی دارایی کرا دەبێت، هەرێمی کوردستان رۆژانە لانی کەم ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی عێراق بکات، لەکۆی ٤٦٠ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراو، ئەوەی دیکەی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ و کرێی بەرهەمهێنان و گواستنەوەیه، لەگەڵ رادەستكردنی نیوەی داهاتە فیدراڵییەکان، هەروەها دەبێت تا کۆتایی حوزەیران سەرجەم داتاکانی تایبەت بە فەرمانبەران رادەستی بەغدا بکات.  
 



PM:05:46:20/03/2021