لەبارەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕوونکردنەوە دەدرێت

یاریدەری سەرۆک وەزیران روونكردنەوە لەبارەی لێبڕینی مووچەوە دەدات و رایدەگەیەنێت" ئەوە لێبڕین نییە، خۆگونجاندنە لەگەڵ ئەو پارەیەی لەبەردەستدایە".

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وەبەرهێنان و راژەی گشتی، لە چاوپێكەوتنێكدا بە کەناڵی ڕووداوی ڕاگەیاند" ئەوەی ئێستا هەیە لێبڕین نییە، خۆگونجاندنە لەگەڵ ئەو پارەیەی لەبەردەستدایە، بە دڵنیاییەوە مووچە لە پێشینەی کارەکانمانە، بەڵام جارێ دەبێت بزانین حکومەتی عێراق چەند پارەمان بۆ دەنێرێت، یاخود ئاڵوگۆڕی نێوان وەزارەتی دارایی و سامانە سرووشتییەکان دەگەنە چ ژمارەیەک، هەروەها لەگەڵ ئەو پارەیەی کە دەست حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەوێت، بەوانەدا بۆمان دەردەکەوێت دەتوانین لێبڕین نەهێڵین، بەڵام ناتوانم ئێستا بە دڵنیاییەوە بیڵێم تاوەکو ئەو کاتەی ئەو ژمارانە یەکلاییببنەوە".

یاریدەری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وەبەرهێنان و راژەی گشتی لەبارەی دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ دەڵێت" خوێندکارە یەکەمەکان و فەرمانبەرە گرێبەستەکان لە پێشینەی دامەزراندنەکانن، بەڵام بەپێی پێویستی و میلاکات دەبێت".

هەروەها رێباز حەملان ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی پێویستی و بوونی میلاک دامەزراندن بەردەوام دەبێت و، کاریان لەسەر ئەوە کردووە کە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە کەرتە تایبەتییەکان جێگە بکەنەوە، مەرج نییە هەموو دەرچووەکان لە دامەزراوە حکومییەکان دابمەزرێن.

لەبارەی هەژمارکردنی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لە بەغداوە وتی" بابەتی مووچەخۆران و پێشمەرگە لە بودجە جێگیرکراوە، بەڵام لە حکومەتی عێراقی 682 هەزار فەرمانبەر هەژمار کراوە، نەک ملیۆنێک و 250 هەزار فەرمانبەر. واتە ئەگەر مووچەی فەرمانبەران بخرێتە سەر بەغدا، ئەوان 682 هەزار فەرمانبەر هەژمار دەکەن". 


AM:10:32:03/04/2021