پزیشکێکی پسپۆڕی هەناوی لە سلێمانی بەهۆی خراپی دۆخی کۆرۆناوە، داوا دەکات بەپەلە هەموو شوێنەکان دابخرێن، بەهۆی تێکەڵبوونی خەڵک لەگەڵ یەکتری و خراپی دۆخی توشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکان.
لە بڵاوکراوەیەکدا، د.زانیار ئاغال ئاشکرای دەکات، بەس ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی جمهوری لە سلێمانی سەروو نەوەت نەخۆشی کۆرۆنای لێیە، دەیانیان پێویستیان بە ئامێری ئۆکسجینی پێشکەوتووە و نییە، زیاد لە هەشتایان پێویستیان بە ئۆکسجینە بەردەوام و پێنج دەقە لێی بکەرەوە ئەخنکێت".
هەروەها دەشڵێت " کاربەدەستان بیکەن بە خاتری خوا نەک هەر مەکتەب، فریا بکەون هەموو شوێنێک دا بخەن و وەکو لەندەن بیکەن بە سێ بازنەوە. با بە هەموومان فریایەکی شارەکەمان بکەوین".
هەروەها بەپێی ئامارەکانی تەندروستی سلێمانی، ١٢٣ توشبوو لە نەخۆشخانەکان داخڵکراون کە ١١١ کەسیان پێویستیان بە ئامێری ئۆکسجینە و ١٨ یان لەژوری چاودێری چڕدان.