حکومەت قەرەبووی قوربانییەکانی کارەساتەکەی نەخۆشخانەکەی بەغدا دەکاتەوە

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار درا قەرەبووی قوربانییەکانی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب بە ١٠ ملیۆن دینار بۆ هەر قوربانییەک خەرج بکرێت. 

لە راگەیاندنراێکدا نووسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیاریدا هەر قوربانیەکی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب بە ١٠ ملیۆن دینار قەرەبووبکرێنەوە.
 
لە راگەیەندراوەکەشدا ئەوە هاتووە، کازمی هەریەک لە وەزیری تەندروستی و پارێزگاری بەغدا و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی رەسافەی لەسەر کار لابرد و رەوانەی لێکۆڵینەوەی کردن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، دەبێت لە ماوەی پێنج رۆژدا لێکۆڵینەوەکان تەواوبکرێن و ئەنجامەکان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران بخرێنەڕوو، بۆ لێکۆڵینەوەکانیش دەتوانرێت سود لە پسپۆڕانی تەندروستی و ناوخۆ وەربگیرێت.

شەوی رابردوو ئاگر لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیبی تایبەت بە چارەسەری کۆرۆنا لە ناوچەی پرسی دیالەی بەغدا کەوتەوە و بەوهۆیەوە بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ٨٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ١١٠ کەسیش برینداربوون.



PM:10:03:25/04/2021