لیژنه‌ی باڵای بایۆمه‌تری وه‌ڵامی په‌رله‌مانتارێكی پارتی ده‌داته‌وه‌و دەڵێت " بەهیچ شێوەیەک وته‌كانی ئه‌و په‌رله‌مانتاره راست نییه."
له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا لیژنه‌ی باڵای بایۆمه‌تری دەڵێت "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا پەرلەمانتارێکی فراكسیۆنی پارتی لە قسە‌كانیدا ئاماژەی بەوەداوە که سە‌رپە‌رشتیاری لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری ئیمزا لە‌سە‌ر ئەو فەرمانە ناکات کە فرە مووچەیی نایاسایی و بن دیوارەکان فەسڵ بکرێن".
وەک لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری ئەو وتانەی ئەو پەرلەمانتارە رەت دەکەینەوە و رایدەگەیەنین، بەهیچ شێوەیەک شتی لەو جۆرە نییە و دوا بڕیاری لیژنە‌ش لە‌بارە‌یە‌وە ئە‌وە بوو كە مووچە‌ی 15 هه‌زار و 505 كە‌س كە فرە مووچە‌ی نایاساییان ھە‌بوو راگیراوە".
هەروەها دەشڵێت " لە ھە‌مان كاتدا ئێستا لێكۆڵینە‌وە دە‌كرێت لە مووچە‌ی زیاتر لە ٣٦ هه‌زار مووچە‌خۆریتر و دواتریش بڕیار لە‌سە‌ر ئە‌وانیش دە‌درێت".
لیژنەی بایۆمەتری ئەو پەرلەمانتارە بەبێ ئاگا ناوزەد دەکات کە لە خۆیەوە ئەو قسانە‌ی كردووە‌و، دەڵێن" بۆ هەموو لایەکیشی روون دەکەینەوە کەپرۆسەی بایۆمەتری بەردەوامە و یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانی کابینەکانی هەشت و نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
بەیانی ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمان، به‌همه‌ن عه‌بدوڵا ئه‌ندامی فراکسیۆنی پارتی وتی" له دوو كابینه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی به‌رپرسی بایۆمه‌تری بووه، بۆیه پێویسته پرسیار له‌و بكرێ كه داتاكان چۆنن و بۆچی واژوو له‌سه‌ر نه‌هێشتنی دوو مووچه و سێ مووچه ناكات".