بەڕێوبەرایەتی گشتی گومرگ لەبارەی لێدوانی پەرلەمانتارێکی یەکێتی ڕوونکردنەوە دەدات و ڕایدەگەیەنێت" لامان سەیرە تۆمەتى ناڕەوا و ناڕاست دەبەخشێتە وەزارەت".
بەڕێوبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان لەرونکردنەوەکەدا باسی لەوەکردووە، پەرلەمانتار كاروان گەزنەیی لەپەیجی تایبەتی خۆی، لەنوسینێكدا ڕاگەیاندوە كە؛ لە خاڵی سنوری حاجی ئۆمەران لێخۆشبونی گومرگی بۆ دو كۆمپانیایی هێنانی شیش و بەردی پوكە كراوە. لامان سەیرە تۆمەتی نا ڕەوا و ناراست دەبەخشێتە وەزارەتی دارایی و بێ ئەوەی ناوی ئەو دو كۆمپانیایە بھێنێت!.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" بۆ هەمولایەكی ڕوندەكەنەوە كە ئەم بابەتە جگە لە چەواشەكاری و تۆمەتی بێ بنەما هیچ ڕاستییەكی تێدا نییە. ئینجا بۆ زانیاری ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزە و ھەمولایەك؛ سەرجەم لێخۆشبونە گومركییەكان كە كراون بە پێی یاسا كارپێكراوەكانی وەك (یاسای گومركی و وەبەرهێنان، پیشەسازی و ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكان) ئەنجام دەدرێت".
بەڕێوبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم ئەوەشی خستوەتەڕوو، هەموو ئەو لێخۆشبونانەش بە نوسراوی فەرمی دەكرێن و بەڕێكاری یاسایی تەواو ئەنجام دەدرێن و وەزارەتی دارایی و ئابوری جێبەجێكاری یاسا كارپێكراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە. ھەر بۆیەش نەدەبو ئەو پەرلەمانتارە تۆمەتی بێ بنەما ئاڕاستەی وەزارەتمان بكات، سەیریش ئەوەیە كە پەرلەمانتار ھەبێت قسە لەسەر بابتێك بكات بێ ئەوەی زانیاری لەسەر ھەبێت.