ناوەرۆکی کۆبوونەوەی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پارتی

ئەمڕۆ پێنج شەممە کۆبوونەوەکانی بەرهەم ساڵح لەهەولێر دەستی پێکردو سەرەتا لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کۆبوونەوەو لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و تەحەدیەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی لە عێراق گفتوگۆیان کرد.

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراق و  مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆبونەوە و پڕۆسەی سیاسیی عێراق، هەڵبژاردنەكان، پەیوەندییەكان و چارەسەربونی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بارودۆخی سیاسیی و پەیوەندیی نێوان لایەنەكانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر کراوە.

لە راگەیەنراوی بارەگای بارزانی لەسەر کۆبوونەوەکە هاتووە " ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەرۆک بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقی فیدڕاڵ كرد، لەو كۆبونەوەیەدا دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكانی گۆڕەپانی عێراق تاوتوێ كرا و بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتوو و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا".
 
باس لەوەشکراوە، "هەر لەو دانیشتنەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و، چارەسەربونی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەماهەنگیی نێوانیان، وەك فاكتەرێك بۆ سەقامگیریی و بوژانەوەی سەرجەم بەشەكانی عێراق لە قەڵەم درا".

بارەگای بارزانی ئەوەشی خستوەتەڕو، بارودۆخی سیاسیی هەرێم و پەیوەندیی نێوان لایەنەكانی هەرێم تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بووە.
ماڵپەڕەکانی نزیک بەرهەم ساڵح لەسەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لە کۆبونەوەکاندا بەرهەم داوای یەکڕیزی کورد و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی کردووە لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵێکی نوێ بۆ ئاشتەوایی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و کۆبونەوەی کەسی یەکەمی لایەنەکان پێشنیاز دەکات.



PM:01:30:29/04/2021