هۆشیار عومەر: دەرکەوت بەشێکی زۆر لەوانەی رەخنە لە گۆڕان دەگرن لە بنەمادا مەرامی دیکەیان هەیە

رێکخەری ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت" بۆ هاوپەیمانێتییان لەگەڵ یەکێتیدا، لەڕووی کردارییەوە هەنگاوی باش نراوە". باس لەوەش دەکات، بەشێکی زۆر لەوانەی رەخنە لە گۆڕان دەگرن لەبەر کۆمەڵێک لە هەڵوێست و هەنگاوەکانی لە بنەمادا مەرامی دیکەیان هەیە.

هۆشیار عومەر، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و رێکخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا بە رووداوی راگەیاند" پرۆسەی دیاریکردنی بەربژێرەکان لەسەر ئاستی ئەنجوومەنەکان بووە، سلێمانی کراوە بە پێنج بازنەوە و هەر بازنەیەکیش قەزایەکە و ناحیەکانیەتی و بڕیارەکان دراوە بە ئەوان. بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێت لە هەر بازنەیەک بەربژێری هەبێت".

لەبارەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێتی، هۆشیار عومەر وتی" لەڕووی کردارییەوە هەنگاوی زۆر باش نراوە، لە ئەم سیستمەی هەڵبژاردن هاوپەیمانی ئاسان نییە، ئەوەی هەیە دەکرێت چەند کارێک بکرێت لەوانە هەماهەنگی، ئارامی لەکاتی کامپەین و کەمکردنەوەی بەربژێرەکانە، ئەگەر لەگەڵ یەکێتی رێکبکەون، ئەوا بەربژێرەکان کەمدەکەنەوە، بۆ ئەوەی دەنگەکان پەرش و بڵاو نەبن، نەک ئەوەی دەنگدەری ئێمە دەنگ بدات بە بەربژێری یەکێتی یان دەنگدەری یەکێتی دەنگ بدات بە بەربژێری ئێمە".

لەبەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەدا رێكخەری ژوری پەیوەندییە دیلۆماتییەكانی گۆڕان سەبارەت بە هەواڵی پەیوەندیكردنی عەبدوڵا كوێخا موبارەك بە ریزەكانی پارتییەوە باسی لەوەکرد، ناوبراو ئازادەو هیچ پەیوەندییەكی بەگۆڕانەوە نەماوە.

وتیشی" لە چەند ساڵی رابردو هێندەی بەناوی ناڕازییەوە هێرشی کردوەتە سەر بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر لایەنەکانی دیکە قسەی نەکردوە. بەمە دەرکەوت بەشێکی زۆر لەوانەی رەخنە لە گۆڕان دەگرن لەبەر کۆمەڵێک لە هەڵوێست و هەنگاوەکانی لە بنەمادا مەرامی دیکەیان هەیە".

بەرپرسەکەی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی هۆکاری وازهێنانی ئەو کەسانە لە گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات" لە چوار ساڵی رابردودا ئەوەی وازی لە گۆڕان هێناوە یان لەترسا بوە بۆ پاراستنی ژیانی خۆی، یان لە دۆسیەیەکی گەندەڵی تێوەگلاوە و دیسان ئێمە ناتوانین بیپارێزین، چونکە هێزی چەکدارمان نییە و هێزەکان بەدەست لایەنەکانی دیکەوەن، هەشە پەیوەندی بە ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆیانەوە هەیە". 


PM:08:47:29/04/2021