" هاوپەیمانێتی یەکێتی و گۆڕان بۆ ئێستا و هه‌ڵبژاردن نییه‌ به‌ڵكو بۆ دوای هه‌ڵبژاردنه‌ "

ئەندامێکى مەکتەبی سیاسی یەکێتى رایدەگەیەنێت" ئەنجومەنى سەرکردایەتى دەسەڵاتى داوەتە مەکتەبی سیاسی و هاوسەرۆکان بۆ بەستنى هاوپەیمانى بۆ هەڵبژاردن، ئەوەش لەوەڵامى ئەو ناڕەزاییە ناوخۆییەى لەناو ئەو حزبەدا سەریهەڵداوە لەبارەى هاوپەیمانى لەگەل گۆڕان و بێئاگایی بەشێک لەبەرپرسانى ئەو حزبە لەوبارەیەوە".   

ڕزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەدەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، "سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق كه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ناوزه‌د كراوه‌ له‌ 10-10 ئه‌نجام ده‌درێت، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی زۆری لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان هه‌ماهه‌نگی ته‌واوی كردووه‌ بۆ پارێزگای كه‌ركوك له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش به‌یه‌ك هاوپه‌یمانێتی به‌ناوی (هاوپه‌یمانی كوردستان) له‌سه‌رجه‌م هه‌رێمی كوردستان و سه‌رجه‌م ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌یه‌كه‌وه‌ به‌یه‌ك لیستی هاوبه‌ش به‌ هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ك به‌شداریمان كردووه‌ خۆشبه‌ختانه‌ به‌شێكی زۆری لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی تریش له‌سۆنگه‌ی به‌رپرسیارێتی و دڵسۆزیان بۆ پێكهاته‌ و بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد كه‌ له‌وێ كۆده‌نگیه‌كیان پێكهێناوه‌ بۆ ئەوەی پشتیوانی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان بكه‌ن ته‌نها پارتی دیموكراتی كوردستان نه‌بێت ئه‌و به‌لیستی جیا دابه‌زیوه‌ و كاندیده‌كانی دیاریكردووه‌."

ئاماژەی بەوەشکردوە، "یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئێستا به‌هاوپه‌یمانی كوردستان له‌كه‌ركوك و هه‌موو ناوچه‌كان به‌شداریانكردووه‌ ده‌توانم بڵێم به‌شێكیش له‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان پشتیوانن بۆ لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان بۆئه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی كورد له‌كه‌ركوك په‌رش و بڵاو نه‌بێته‌وه‌ به‌ڵام كه‌ پارتی به‌ته‌نها به‌شداریكردووه‌ دیاره‌ ئه‌وه‌ زیان ده‌گه‌یه‌نێت به‌ ده‌نگه‌كان چونكه‌ له‌كه‌ركوك چوار پێكهاته‌ی لێیه‌، سێ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی له‌ كورد و توركمان و عه‌ره‌ب، پێكهاته‌ی مه‌سیحی كۆتایه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق به‌ڵام له‌ كه‌ركوك هه‌ر په‌رش و بڵاوییه‌ك و ئه‌گه‌ر یه‌كڕیزی نه‌بێت دیاره‌ كورسیه‌كانی كورد به‌لایه‌كی تر ده‌ڕوات كه‌ ئه‌وه‌ زیانی هه‌یه‌".

پەیوەست بە هەوڵەکانیش بۆ یەک لیستی لەناوچە کێشەلەسەرەکان ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وتی، "له‌ماوه‌ی سێ مانگی ڕابردوو زیاتر له‌ چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ له‌ باره‌گای حیزبه‌ كوردستانیه‌كانی كه‌ركوك كراوه‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، له‌باره‌گاكانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان، یه‌كگرتووی ئیسلامی و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی تریش له‌وێ هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ركوكییه‌كان جگه‌ له‌جیاوازی ئایدۆلۆژیا و بیر هه‌موویان پێیان وابووه‌ له‌ كه‌ركوك به‌لیستێكی هاوبه‌ش به‌شداری بكه‌ن به‌ڵام پارتی دیموكراتی كوردستان له‌هیچ كام كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌م كۆبونه‌وانه‌ به‌شداری نه‌كردووه‌ و ئاماده‌یشی ده‌رنه‌بڕیووه‌ كه‌ به‌لیستێك دابه‌زێت."

ئەوەشی خستوەتەرو، هاوپەیمانی یەکێتی و گۆڕان "بۆ یه‌كڕیزی و ته‌باییه‌ بڕواناكه‌م هیچ هێزێكی سیاسی كوردستان به‌پارتی دیموكراتی كوردستانیشه‌وه‌ سه‌غڵه‌ت ببێت به‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ هاوپه‌یمانێتیمان كردووه‌، ئێمه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا هاوپه‌یمانیمان بۆ یه‌كڕیزی و ته‌بایی و برایه‌تی كردووه‌ بۆ چه‌سپاندنی به‌یه‌كه‌وه‌ ژیان كردووه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی كورد كردووه‌ له‌ ڕابردوو له‌ به‌غداد له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه‌ی ئێمه‌ په‌رش و بڵاو بووبین و كۆده‌نگیمان نه‌بووبێت زۆربه‌ی زۆری ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌ په‌رله‌مان تێپه‌ڕیووه‌ له‌ خزمه‌تی میلله‌ته‌كه‌مان نه‌بووه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌وڵمانداوه‌ كه‌ یه‌كڕیز و ته‌با بین پارتی نه‌هاتۆته‌ پێشه‌وه‌، ئێمه‌ش زیاتر هه‌وڵه‌كانمان یه‌كخستووه‌ بۆ ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ له‌نێوان ئێمه‌ و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان."

لەبارەی ناڕەزایش لەناو یەکێتی بەرامبەر رێککەوتنەکەیان لەگەڵ گۆڕان ڕزگار حاجی حەمە وتی" ئێمه‌ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هاوپه‌یمانی كوردستانمان ڕاگه‌یاندووه‌ هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی سێ پارێزگاكه‌ی كوردستان نییه‌ به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو عێراقه‌، ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و شاره‌كانی تریش واته‌ ئێستا ئێمه‌ له‌هه‌موو عێراق و له‌هه‌موو پارێزگاكانی هه‌رێم به‌لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی به‌شداری ده‌كه‌ین و پێموایه‌ مایه‌ی خۆشحاڵی هه‌موولایه‌كه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك كێشه‌ی هونه‌ری و دیاریكردنی هه‌ندێك بابه‌تی هونه‌ری و ئه‌وانه‌یه‌ ئه‌گه‌رنا ڕێككه‌وتنێك كرابێت به‌تایبه‌تی له‌دوای كۆنگره‌ی تازه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هیچ هه‌نگاوێك نانرێت به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆیدا ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ته‌ مه‌كته‌بی سیاسی و هاوسه‌رۆك بۆئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌ولایه‌ن و كه‌سایه‌تی و قه‌واره‌ سیاسیانه‌ی كه‌ یه‌كێتی پێی باشه‌."

ئایا ئەم هاوپەیمانێتیە ناگاتە ئاستی یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان لەداهاتودا ؟ڕزگار حاجی حەمە دووپاتیکردەوە، ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ی نێوان یەکێتی و گۆڕان به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێم له‌ عێراق، من پێموایه‌ جارێ ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ خۆی له‌خۆیدا تا هه‌ڵبژاردنه‌كان و دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌، ئێمه‌ دوو ئایدۆلۆژیای جیاواز و دوو حیزبی جیاین به‌ڵام ڕه‌نگه‌ بیرو به‌رنامه‌ و هه‌تا قاعیده‌شمان زۆر له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكه‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ هه‌وڵبده‌ین زیاتر ئاڵوگۆڕی بیروڕا و به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن و دروستكردنی متمانه‌یه‌كی ته‌واو به‌ڵام ئێمه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌تا ستراتیژی هه‌ردوولامان به‌رده‌وامبوونی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌یە كه‌ ئێستا جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان تامه‌زرۆی یه‌كڕیزی و ته‌بایی و خۆشگوزه‌رانی و كه‌شوهه‌وای ئارامن. 


PM:12:48:05/05/2021