کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا داوا دەکات ڕێز لە دبلۆماسە ئەمریکیەکان بگرن

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێم حوکمدانی گیراوەکانی بادینانی پەسەندکرد، لەنێو دۆسیەی حوکمەکەدا باس لە کونسوڵی ئەمریکا و ئەڵمانیا دەکرێت، لە وەڵامدا کونسوڵی ئەمریکاش داوا دەکات کە ڕێز لە دبلۆماسە ئەمریکیەکان بگرن.

کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لەراگەیەنراوێکدا کەوێنەیەکی بۆ ماڵپەڕی (سپی) نێردراوە ئاماژەی بەوەکردووە" لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە قسە لەسەر تاکە کەیسی دادگاکان ناکەین، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەساتی دامەزراندنیەوە پشتیوانی لە ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن کردووە، ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن بەشێکە لە شوناسمان و بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لێی وەک یەکێک لە بەها سەرەکیەکانمان". 

باس لەوەشکراوە، بەردەوام دەبین لە جەختکردنەوە لە گرنگی ڕێوشوێنی یاسایی و سەروەری یاسا، بەدەستڕا گەیشتن بە پارێزەریشەوە، چاوەڕوانیمان لە حکومەتە خانەخوێکان لەسەرانسەری دنیا ئەوەیە کە ڕێز لەکاری دیبلۆماتە ئەمەریکیەکان بگرن، کە بەهەمان شێوەی ڕۆژنامەنوسان لەگەڵ خەڵکی جۆراو جۆر کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان بکەن. ئێمەش بەهەمان شێوەی ئەو ڕێزەی چاوەڕێی دەکەین هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو دیبلۆماتانە بیانیانە  دەکەین کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کاردەکەن، بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە.

ئەمڕۆ لە بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمدا ئاماژە بەوەکراوە، کە ئەم ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانە جاسووسی بۆ وڵاتانی دەرەوە دەکەن، "ئەمریکا و ئەڵمانیا". 


PM:08:53:06/05/2021