کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو مەرجانەی راگەیاند کە کارمەندانی بنکەکانی دەنگدان لەسەر وەردەگیرێت.
وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، جومانە غولای بە ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە " دوو شێواز بۆ وەرگرتنی کارمەند بۆ بنکەکانی دەنگدان دیاری کراوە، کە یەکێکیان بۆ فەرمانبەرانە و یەکێکیش بۆ قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگاکان و دەرچووانیانە".
ئەو بەرپرسەی کۆسیۆن مەرجەکانی وەرگرتنی کارمەندانی بنکەکانی دەنگدانی بەم شێوەیە راگەیاند کە هەر کەسێک دەیەوێت دابمەزرێت لە رێگای وێب سایتی کۆمسیۆنەوە دەتوانێت پەیوەندی بکات، مەرجەکان:
- لانی کەم بڕوانامەی ئامادەیی هەبێت.
- کارتی دەنگدانی هەبێت.
- دانیشتووی ئەو پارێزگایە بێت کە دەیەوێ ببێتە کارمەندی بنکەی دەنگدان.
- بەڵێننامەیەک پڕبکاتەوە، کە رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری نایگرێتەوە
- بەهۆی تاوانێکەوە حوکم نەدرابێت.
- کارمەندی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان نەبێت.
- ئەندامی حزبە سیاسییە رکابەرەکان نەبێت.
- خزمی پلە چوار بە خوارەوەی کاندیدێک نەبێت.
بڕیارە ٢٠٢١/١٠/١٠ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت.